ئەم پرسیارەی لەتیف فاتیح فەرەج ڕاستەوخۆ کاردانەوەی جیاوازی لەناو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکاندا دروستکرد. لەم چوارچێوەیەدا، هێمن قەرەگۆلی، هەڵسوڕاوی سیاسی، لە وەڵامی پرسیارەکەی ئەو نووسەرەدا تێڕوانینی خۆی خستەڕوو.
قەرەگۆلی بە ئاماژەدان بە وتەی هاووڵاتییەکی بەتەمەن، ڕەخنەی توندی لە ئەداو جۆری حوکمڕانی هەرێم گرت و ڕایگەیاند: "لەم ڕۆژانەدا گوێم لە پیاوێکی پیاوانە بوو وتی: ئێستا ٧٣ ساڵ تەمەنمە، تەنها سێ ساڵ خۆشیم بینی، ئەویش دوای ئاشبەتاڵە مەزنەکە بوو. ئەمانە حکومەت نین."
ئەو هەڵسوڕاوە سیاسییە جەختی لەسەر بەهای شۆڕشگێڕانی مێژوویی کردەوە و وتی: "ئەگەر لە چاوی ئەمانەوە سەیر بپکەین، دەبێت ڕۆژانە ڕەخنەی توند لە مێژووی کەسایەتییە شۆڕشگێڕەکانی وەک جێڤارا، ماندێلا، شێخ سەعیدی پیران و سمکۆی شکاک بگرین. بۆیە پێویستە بەدەر لەم کەسانە، شۆڕش بە مانا جوانەکەی بگەڕێتەوە سەر ڕێچکە ڕاستەقینەکەی خۆی."
هێمن قەرەگۆلی لە کۆتایی پەیامەکەیدا بێدەنگیی شەقامی کوردی بە هۆکارێک زانی بۆ بەردەوامیی ئەم دۆخە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بێدەنگییەی ئێستا، خزمەت بەو ئامانجە دەکات
شایەنی باسە، ئەم جۆرە دانوستان و گفتوگۆیانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیشانەی قووڵبوونەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و گومانەکانی جەماوەرە لەسەر شێوازی حوکمڕانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لەلایەن کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.