زوحا سەدخان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندووە داواکاری بۆ دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا، سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان و دەرچووانی پەیمانگەکانی نەوت، پزیشکی، تەندروستی و پەرستاری کراوە، هەروەها داوا کراوە فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێی ڕۆژانە بەهەمیشەیی بکرێن.لە بەرامبەردا، وەزیری دارایی عێراق داوای لە هەموو وەزارەتەکان کردووە ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست و تێچووی دارایی بەهەمیشەییکردنیان ڕابگەیەنن، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم پرسە بدرێت.لەبارەی دامەزراندنی نوێش، ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێن هێشتا ڕوون نییە لە بودجەی ٢٠٢٧دا چۆن جێبەجێ دەکرێت. هەروەها فشار هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، کە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٦ و لە عێراقیش لە دوو ساڵی ڕابردووەوە ڕاگیراوە.وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمە و بڕیارە مانگی داهاتوو بۆ حکومەتی عێراق بنێردرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی عێراق، شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمیش خەرج بکرێت.