​ئەگەرچی داخرانی گەرووی هورمز زیانی بە ئابووریی جیهانی گەیاندووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە سەرانسەری جیهاندا، بەڵام چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرپرسیاریەتیی یەکەمی ئەم دۆخە دەکەوێتە سەر شانی ترەمپ و دەوڵەتەکەی. واشنتۆن پێی وابوو ئەرکی ئارامکردنەوە یان ملکەچکردنی ئێران پرۆسەیەکی ئاسان دەبێت، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی کابوسێک بووەتەوە کە تەواوی جیهانی گرتووەتەوە.

​تاران جەخت دەکاتەوە کە گەرووی هورمز بەبێ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئێران ناکرێتەوە، و لە ئێستاشدا هیچ کەشتییەک بەبێ ڕەزامەندیی هێزەکانی ئێران هاتووچۆ ناکات. هەوڵەکانی ئەمریکاش بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سوود بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی نەوت، سەركەوتوو نەبوونه.

​قالیباف لە پەیامێکدا بۆ ترەمپ ڕایگەیاند: «چەندە نرخی سوود بەرز بکەیتەوە ناتوانیت خەڵک هەڵبخەڵەتێنیت؛ چونکە قەیرانەکە لە پارەو پولدا نییە، بەڵکو قەیرانەکە لە داخرانی گەرووی هورمزدایە کە ئابووریی جیهانی تووشی تەنگژە کردووە.»

​ناوبراو هەروەها بانگەشەکانی ئەمریکای بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گەرووەکە بە «پووچ و بێ بنەما» وەسف کرد و وتی: «ئەگەر ئەمریکا دەوڵەتێکی سەرکەوتوو بووایە، بۆچی لەگەڵ ئێران لەسەر مێزی دانوستان دادەنیشت تا ڕێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بدۆزێتەوە؟ئەمە ڕاستییەکە کە واشنتۆن تووشی زۆنگاوێک بووە و نازانێت چۆن لێی دەربچێت.»

​سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆتایی ئاخاوتنەکانیدا ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی ترەمپی کرد و وتی: «ئێوە جنۆکەکەتان ئامادە کرد، بەڵام ناتوانن دەری بپەڕێنن. سەرەخۆشیش لە ئەمریکای مەزن بکه کە دوای عەقڵیەتی ترەمپ کەوتووە و تەواوی هەسارەی زەوی تووشی ئاڵۆزی کردووە.»