جام کوردی - عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، لە کاردانەوە بە دوایین پڕوپاگەندەکان سەبارەت بە دوورگە سێقۆڵییەکانی ئێران و هاوکێشە ناوچەییەکان، پەیامێکی توندی ئاراستەی هەندێک وڵاتی ناوچەکە کرد و جەختی کردەوە کە ئاسایشی پشت بەستوو بە هێزی دەرەکی پایەدار نابێت.

وێلایەتی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» نووسیویەتی: «دراوسێ دەمێنێتەوە و میوان دەڕوات.» ناوبراو بە ئاماژەدان بەو وڵاتانەی تەمەنی سیاسییان کەمە، ڕایگەیاند: ئەوان لە تریبۆنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بانگەشەی بێبنەما بۆ دوورگەیەک دەکەن کە لە هەموو بەڵگە و نەخشە مێژووییەکانی سەدەکاندا بە ناوی ئێرانەوە تۆمار کراوە.

ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەر جەختی کردەوە: «جوگرافیا بە بەیاننامە ناگۆڕێت. دوورگەکانی تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبووموسا ئێرانی بوون و ئێرانیش دەمێننەوە. »

ویلایەتی هەروەها ڕەخنەی لە دووفاقیی هەندێک وڵاتی ناوچەکە گرت و وتی: «تەنیا یەک هەفتە دوای پێشوازیکردنێکی گەرم لە نەتانیاهو، قسەکردن لەسەر 'مافی عەرەب' و 'هاوپشتیی ئیسلامی' زیاتر لەوەی بانگەشە بێت، دژبەرێتی و ناکۆکییە.» ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بۆچوونی گشتیی ناوچەکە لە قاهیرەوە تا بەیرووت، بە چاوێکی ڕەخنەگرانە لەم دووفاقییە دەڕوانێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ویلایەتی هۆشدارییەکی ڕاشکاوانەی دا و نووسی: «ئەزموونی ناوچەکە سەلماندوویەتی کە ئاسایشی هاوردەکراو مێژووی بەسەرچوونی هەیە. ئەو وڵاتانەی سەقامگیریی خۆیان سپاردووەتە دەست واشنتۆن و تەلئەبیب، لە کۆتاییدا لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەدا تووشی سەرلێشێواوی دەبن و بە تەنیا دەمێننەوە. »