وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە پرۆسەی ڕزگارکردن و گەڕاندنەوەی ١١ هاونیشتمانیی هەرێم لە لیبیا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم، ئەنجام دراوە. بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕاسپێردراون ڕێوشوێنی پێویست بۆ دۆزینەوە و پاراستنی ژیانیان بگرنەبەر.
لە هەمان کاتدا، هەردوو لایەن بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و نوێنەرایەتییەکانی حکومەت، بەدوای ١٠ هاونیشتمانیی دیکەی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دەگەڕێن کە ماوەیەکە لە لیبیا بێسەروشوێنن.حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە هۆشداریی گەنجان و خێزانەکانیان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا داوە و جەختی کردووەتەوە کە ئەم جۆرە کۆچە دەتوانێت ژیانیان بخاتە مەترسییەوە و سزای یاسایی بەدوای خۆیدا بهێنێت.