بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کونسوڵی گشتیی کۆماری عێراق لە کرماشان، بە ئاماژە بە توانای سنوورەکانی ئێران و عێراق لە ڕێوڕەسمەکەدا وتی: تەنانەت لە ژێر مەرجی گەمارۆ و سنووردارکردنی گواستنەوەی ئاسمانی، سنوورەکانی دوو وڵات بەردەوام بوون لە چالاکی و تا ئێستاش ڕێگای گرنگن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان.
"سەعدون ئەلساعدی" زیادی کرد: ئێرانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی کرماشان دەروازەیەکی گرنگە بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ عێراق و ئەگەر ئاسایش و ژێرخانی پێویست دابین بکرێت، دەکرێ لە توانای ئەم ناوچەیە کەڵک وەربگیرێت بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێکی بازرگانی لە نێوان ڕووسیا، ئەرمینیا، کۆماری ئازەربایجان، ئێران، عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
ناوبراو هەروەها جەختی لە سەر پێویستی هەنگاوی هەردوو وڵات بەرەو ئابوورییەکی هەمەڕەنگ و پەرەپێدانی زنجیرەی بەرهەمهێنان و بازرگانییەکان و بوونی بەهێزتری کۆمپانیا ئێرانییەکان لە بازاڕ و پێشانگاکانی عێراق کردەوە.
ئەلساعدی بە ئاماژەدان بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی پەیوەندیی هێڵی ئاسنی نێوان ئێران و عێراق لە ڕێگەی خوسرەوییەوە، ئەم پڕۆژەیەی بە یەکێک لە پلانە گرنگەکانی فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و گواستنەوەکانی نێوان دوو وڵات زانی و جەختی لە پشتیوانی عێراق بۆ تەواوکردنی کردەوە.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا بریکاری پارێزگاری کرماشان بۆ سیاسەت، ئاسایش و کاروباری کۆمەڵایەتی هەروەها پیرۆزبایی ڕۆژی سەروەریی نیشتمانیی لە عێراق کرد و وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە پشتیوانی لە عێراقێکی سەربەخۆ، ئەمن و پێشکەوتوو کردووە و سەروەریی نەتەوەیی ئەم وڵاتە بە بنەمای ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەزانێت.
"بەهرام سولەیمانی" بە ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان ئەو دوو نەتەوەیە ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق لە نزیکیی جوگرافی تێپەڕیون و پەیوەندییە قووڵەکانی کولتووری و گەل بە گەل بە تایبەت لە ڕێوڕەسمی ئەربەعیندا، دەرکەوتنێکی ڕوونی ئەم برایەتی و لێکنزیکبوونە بوو.
ناوبراو میوانداریی گەلی عێراقی لە سەردەمی ئەربەعیندا بەرز نرخاند و ئەم پشتیوانییەی بە بەشێکی درێژخایەنی یادەوەری مێژوویی نەتەوەی ئێران زانی.