“یەحیا سەریع”، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕایگەیاند: ئەو کەرەستە و پێداویستییە سەربازییانەی سعودیە کە گەیشتوونەتە کەمپی بەدر لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەدەنیان بە مووشەکی بالیستی پێکا. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، چەند ئەفسەرێکی سعودیی کوژراون و بریندار بوون.

سەریع هۆشداری دا بە هاوپەیمانییەکە و گوتی: «بە دوژمن هۆشداری دەدەین کە فڕۆکەخانەی مەدەنیی عەدەنی بۆ ئامانجی سەربازی بەکار نەهێنن.»

لە بەرامبەردا، تۆڕی هەواڵی “ئەلعەرەبیە” بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕایگەیاند کە دوو مووشەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەدەنیان بەرکەوتووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە زیانە گیانییەکان بڵاو نەکراوەتەوە.

گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن پێشتر لە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممەدا ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانیان فڕۆکەخانەی مەلیک خالیدی ریازیان بە چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کردووەتە ئامانج و ئەو ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووە بووەتە هۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو فڕۆکەخانەیە.

ناوبراو هەروەها زیادی کرد: هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها و بنکەی ئاسمانیی خەمیس موشەیتیان کردووەتە ئامانج کە ئەوەش بووەتە هۆی وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی ئەبها و زیان پێگەیاندن بە بنکەی خەمیس موشەیت.

سەریع لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا، کەمپەکانی “دەلغاریر” لە جیزان، “عاقیفە” لە عەسیر و “مەوسەم” لە جیزانیان بە ژمارەیەکی زۆر مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج.