دۆناڵد ترەمپ شەوی ڕابردوو لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری نەوتی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد و وتی: “وەزیری نەوتی ئێران دەستی لەکارکێشایەوە و وتی ئەم وڵاتە نە ئابووری، نە نەوت و نە هیچ شتێکی دیکەی ماوە”.

پاکنەژاد لە وەڵامی ئەم بانگەشەیەدا وتی: دەستلەکارکێشانەوەکەم هیچ پەیوەندییەکی بە قسەکانی شەوی ڕابردووی ترەمپەوە نییە. من سەربازی نیشتمان و یەکێک لە ملیۆنان گیانفیدای ئێرانی ئازیزم.

ناوبراو زیادی کرد: ئەگەرچی تەنیا چەند مانگێک دوای وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی نەوت، لەلایەن دوژمنی ژمارە یەکی گەلی ئێرانەوە گەمارۆدرام، بەڵام بە یارمەتی خودا، پڕۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە هەوڵی کارمەندانی غەیوری کەرتی نەوت، تەنانەت لە دۆخی گەمارۆ و گەمارۆدانیشدا بەردەوام بوو.

وەزیری پێشووی نەوت لە درێژەدا سەبارەت بەو بانگەشانە وتی: ئەوان گورزێکی سەختیان بەرکەوتووە، بۆیە سروشتییە پەنا بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە بانگەشە درۆینانە بەرن.