لە دێکۆنی هەورامان، حاجی مسەفا چەند ساڵە سێ دارخورمای لە حەوشەکەی ماڵەکەی چاندووە و ئەمساڵ ١٥٠ کیلۆگرام خورمایان بەرهەم هێناوە. ئەو دەڵێت ١٥ ساڵ لەمەوبەر دارەکانەی چاندووە و بە بەردەوامی خزمەتی کردوون تا گەورە بوون.حاجی مسەفا سەرەتا شارەزایی لە چۆنیەتی بەخێوکردنی دارخورما نەبووە، بەڵام جوتیارێکی ئاوارە لە ناوچەکە فێری کردووە چۆن خزمەتی دارەکان بکات. بە ڕێنمایی ئەو، خوێ و وردەئاسن لە بن دارەکان داناوە و ئێستا دوو جۆر خورمای شیرین و بەتام بەرهەم دەهێنن؛ یەکێکیان زەردە و ئەوی دیکە قاوەیی مەیلەو ڕەشە.حاجی مسەفا بڕێک لە بەرهەمەکەی بۆ خۆی هەڵدەگرێت و بەشی دیکەی دابەش دەکات بەسەر خەڵکدا. بۆ ئەمەش ٦٠ قاپی پلاستیکی کڕیوە و لە هەر قاپێکدا نزیکەی ١.٥ کیلۆگرام خورما دادەنێت.