کۆمپانیای نەوتی سووریا ڕایگەیاندووە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی تشرینی یەکەم، هێڵێکی گواستنەوەی نەوت لە نزیک تەل حەمیس لە پارێزگای حەسەکە کراوەتە ئامانجی کاری تێکدەرانە و بەشێکی زیانی پێگەیشتووە.بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، تیمەکانی چاککردن دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە و بەشە زیانلێکەوتووەکەیان دابڕیوە و کاری نۆژەنکردنەوەیان دەست پێکردووە. لایەنە ئەمنییەکانیش وتراوە ئەنجامدەرانی هێرشەکەیان دەستگیر و ڕەوانەی دادگا کردووە.کۆمپانیاکە ئەم ڕووداوەی بە بەشێک لە هێرشەکانی دوایی سەر ژێرخانی وزە و هێڵەکانی گواستنەوەی ناو وڵات وەسف کردووە. پێشتر، لە ٢٩ی ئەیلوول، تەقینەوەیەکی هاوشێوە لە هێڵێکی گاز لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بووە هۆی پچڕانی گەیاندنی گاز بۆ هەندێک وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و بێکارەبایی لە چەند ناوچەیەک.