بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شەفیعی، قایمەقامی قەسرشیرین، لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەرپرسانی سنوور و پارێزگاکانی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی سنووری مەنزەرییەی عێراق بۆ پێداچوونەوە بە گرنگترین کێشەکانی بواری هاتووچوی گەشتیار و بازرگانی، کۆبوونەتەوە.

پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەش بۆ بەدواداچوون بە کێشەکانی گەشتیاران و زیارەتکاران، ناساندنی نوێنەری تایبەت بۆ بەدواداچوون بۆ پرسە بازرگانییەکان و دروستکردنی ڕێگەیەکی نوێ لە دەروازەی سنووری مەنزەرییە لە گرنگترین ڕێککەوتنەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بوون.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، لایەنی عێراقی بەڵێنی داوە لە ماوەی 15 ڕۆژدا ڕێگەیەکی نوێ بۆ هاتنە ژوورەوەی بارهەڵگرەکانی هەڵگری کەلوپەل دروست بکەن بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچوو لەسەر سنوورەکە. هەروەها ڕێککەوتن کرا لەسەر دروستکردنی دامەزراوەی خۆشگوزەرانی و تەندروستی بۆ شۆفێرانی ئێرانی لە پارکینگەکانی مەنزەرییەدا.

بەلەبەرچاوگرتنی هاتوچووی ڕۆژانەی نزیکەی 350 بارهەڵگری بازرگانی و سێ بۆ پێنج هەزار موسافر و زیارەتکار لە ڕێگەی سنووری خوسرەوییەوە، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی نێوان بەرپرسان بۆ چارەسەرکردنی خێرای کێشەکان کردەوە.

هەروەها بڕیار درا کە چالاکی گومرگی کەرتی بازرگانی کاتژمێر 8ی بەیانی دەست پێ بکات؛ بەڵام هاتوچووی گەشتیاران و زیارەتکاران لەسەر سنوورەکە لە 24 کاتژمێری شەو و ڕۆژدا بەردەوام بێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە ئەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە بە نووسراو تۆمار دەکرێن و ڕەوانەی دەسەڵاتە باڵاکان دەکرێن بۆ بەدواداچوون. هەروەها بڕیار درا کە کۆبوونەوەی داهاتوو لە 30 ڕۆژی داهاتوودا بە میوانداری لایەنی ئێرانی بەڕێوە بچێت و پێداچوونەوە بە پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان بکرێت.