جام کوردی - لە نوێترین ڕاپۆرتی «ناوەندی خزمەتگوزاریی لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا»دا، ئاماژە بە زیانێکی گەورەی سەربازی و دارایی کراوە کە لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا بەر سوپای ئەمریکا کەوتووە. بەپێی ئەم بەڵگەنامە فەرمییە، ململانێ سەربازییەکان لەگەڵ ئێران بووەتە هۆی لەدەستدان یان تێکشکانی لانیکەم ٨١ فرۆکە، کۆپتەر و درۆنی ئەمریکی.

ژمارەکان چی دەڵێن؟

بەپێی ئەو داتایانەی لە وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆ کراونەتەوە، زۆرترین زیانەکان بەر درۆنەکانی جۆری «MQ-9 Reaper» کەوتووە، کە ٤٥ دانەیان لە ڕیزبەندیی ئامێرە لەناوچووەکاندان. هەروەها ١٢ فڕۆکەی جەنگیی جۆری «F-15E Strike Eagle»یش لە لیستەکەدان، کە بەشێکیان بەهۆی هەڵەی مەیدانی لە ئاسمانی کوێت تێکشکاون.

بۆشایی لە پیشەسازیی بەرگری

ئەوەی زیاتر لە زیانەکان، نیگەرانیی لێکۆڵەرانی کۆنگرێسی لێکەوتووەتەوە، مەترسیی «شەکەت بوونی بنکەی پیشەسازیی بەرگری»ی ئەمریکایە. ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە توانای بەرهەمهێنانەوە و جێگرەوەی خێرای ئەو ئامێرانە سنووردارە، ئەمەش وای کردووە ئەمریکا لە ڕووی ستراتیژییەوە بکەوێتە ژێر فشار.

تێچووی دارایی؛ بارگرانییەکی بەردەوام

سەرباری زیانە ماددییەکان، تێچووی دارایی جەنگەکەش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. نووسینگەی بودجەی کۆنگرێس مەزەندە دەکات کە ئەم ململانێیە مانگانە نێوان ٢ بۆ ٣ ملیار دۆلار خەرجی بۆ حکومەتی ئەمریکا هەیە. شارەزایانی سەربازی هۆشداری دەدەن ئەگەر دۆخی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بڕوات و ئاڵوگۆڕی ئاگر چڕتر ببێتەوە، ئەوا ئەم تێچووە داراییانە ڕوو لە بەرزبوونەوەی زیاتر دەکات.

ئەم ڕاپۆرتە بە یەکێک لە ڕاشکاوانەترین هەڵسەنگاندنەکان دادەنرێت کە تا ئێستا لەبارەی خەسارەتەکانی ئەمریکا لەم جەنگەدا بڵاو کرابێتەوە و دەرخەری قووڵایی کێشەکانە بۆ واشنتن.