هاوپەیمانیی تاران و مۆسکۆ دژی یەکجەمسەری
لە دیدارەکەدا پزیشکیان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لە ئاستی ئێستای پەیوەندییە دوولایەنەکان، جەختی لەسەر پێویستیی خێراکردنی هەماهەنگییەکان لە بوارەکانی بازرگانی، ئابووری و پەیوەندییە مرۆییەکان کردەوە. هەردوو سەرۆک لەسەر ئەوە کۆک بوون کە «سیاسەتی یەکجەمسەری» ئەمریکا بۆ سەپاندنی دیدگاکانی بەسەر وڵاتانی دیکەدا، هەڕەشەیەکی جیهانی و ناوچەیییە. پزیشکیان لەم بارەیەوە وتی: «دەبێت جیهان و ناوچەکەمان بەرەو فرەجەمسەری بڕۆن و نابێت قبووڵی بکەین سیاسەتە ناوخۆییەکانی ئەمریکا بەسەر گەلاندا بسەپێنرێت.»
دانوستانەکان؛ تاران وەڵامی کۆتایی ئامادە دەکات
سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی دۆخی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا، ئاماژەی بە ڕەوتێکی دژبەیەکدا؛ لەلایەک ئاڵۆزییە سەربازییەکان بەردەوامن و لەلایەکی دیکەش دیپلۆماسی نەپساوەتەوە. پزیشکیان وتی: «ئێمە لە گفتوگۆداین، هەرچەندە کاتێک گفتوگۆ دەکەین، هێرشەکان بەردەوام دەبن، بەڵام ئێمە لە مێزی دانوستان ناکشێینەوە.»
ئەو بە ئاماژەدان بەوەی کە تاران چاکسازیی لەسەر پێشنیارە نوێیەکانی ئەمریکا کردووە، ڕای گەیاند: «ئێمە پێشنیارەکانمان پێشکەش کردووە و دیدگای ئەمریکاشمان بیستووە؛ ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنین. بڕیارە دوای نهاییبوون، لە ڕێگەی ئەو نێوەندگیرانەی کە هەن، دابنیشین و ئەنجامەکەی کۆ بکەینەوە.»
تەوەرەکانی دیکەی گفتوگۆ
دیدارەکە تەنها لەسەر کێشە سیاسییەکان نەبوو، بەڵکو هەردوو سەرۆک بەوردی پێداچوونەوەیان بۆ ئەو پڕۆژانە کرد کە لە نێوان تاران و مۆسکۆدا ئیمزا کراون. جەخت لەسەر خێراکردنی تەواوکردنی پڕۆژە هاوبەشەکان لە سێکتەرەکانی «وزە، کشتوکاڵ، گواستنەوە و بازرگانی» کرایەوە، بەو ئامانجەی کە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی هەردوو وڵات پارێزراو بێت و سەقامگیریی ناوچەییش بەدی بێت.