پرۆسەی پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان قۆناغەکانی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە تەواو کراوە و بۆ پەسەندکردن و وردبینیکردن ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە. چاوەڕوان دەکرێت دوای ڕەزامەندیی کۆتایی، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بە کۆکردنەوەی ناو و زانیاریی فەرمانبەرانی شایستە بکات، بۆ ئەوەی هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی زەوی وەربگرن.سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕایگەیاندووە کە دوای گەڕانەوەی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، داوا لە فەرمانگەکان دەکرێت زانیاریی فەرمانبەرانی گرێبەست بنێرن، تاوەکو ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەست پێبکات.بەپێی مەرجەکانی پرۆسەکە، فەرمانبەر دەبێت لانیکەم هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت و پێشتر لە زەوی حکومەت سوودمەند نەبووبێت. بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست، ماوەی تەواوکردنی هەشت ساڵ خزمەت تاوەکو ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ هەژمار دەکرێت، لە کاتێکدا بۆ فەرمانبەرانی هەمیشەیی ئەم مەرجە تاوەکو ١ی ئابی ٢٠٢٤ دیاری کراوە؛ بەمەش ژمارەیەکی زیاتر لە فەرمانبەرانی گرێبەست دەتوانن سوودمەند بن.