دکتۆر یاسین تەها، مامۆستای زانکۆ و شیکەرەوەی سیاسی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەیامنێری جام کوردی ڕوونیکردەوە کە لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان لە پشت پەردەوە تاووتوێی چەند بژاردەیەکی ئاڵۆز دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی دارایی.

​دکتۆر یاسین تەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی دوایین زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، حیزبە شیعەکان باسی دوو بژاردەی بنەڕەتییان کردووە بۆ چارەسەرکردنی پارەدارکردنی خەرجییەکان لە ناو بوودجەدا:

​گۆڕینی سووڕی دابەشکردنی مووچە بۆ 45 ڕۆژ جارێک.

​دەستکاری کردن و گۆڕینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار.

​ناوبراو ڕوونیشیکردەوە کە بژاردەی دووەم شاراوەترە و فەرمانبەران ڕاستەوخۆ هەستی پێ ناکەن، بەڵام لە کرداردا وەک کەمکردنەوەی ناڕاستەوخۆی مووچە و دابەزاندنی توانای کڕین و بەهای دراوەکەیە.

لە وەڵامی پرسیارێکی جام کوردیدا دەربارەی هەڵوێستی هێزە سیاسییەکان، دکتۆر یاسین جەختی کردەوە کە سەرجەم حیزبەکانی بەشدار لە حکوومەتی عەلی زەیدی، بە تەواوی لەسەر ئەم بژاردانە ئاگادارن و ڕەزامەندییان لەسەر نیشان داوە.

​ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاشکراشی کرد کە هەر لەسەر ڕەتکردنەوەی بژاردەی دەستکاری کردنی بەهای دینار بوو، «عەلی عەلاق» لە پۆستی سەرۆکایەتیی بانکی ناوەندی لادرا.

دەربارەی ئاراستەی پێچەوانەی پەرلەمانتارانیش، وتی: «ئەوەی ئێستا هەندێک لە پەرلەمانتاران دەیکەن، یان دەچێتە خانەی شەعبەوییەتەوە، یان هەوڵێکە بۆ ڕازیکردنی دەنگدەرەکانیان، یانیش زانیاری تەواوییان لەسەر ڕێککەوتنەکان نییە، بەڵام ئەم بزووتنەوەی پەرلەمانتارانەش زۆر بڕ ناکات.»

​ئەم زانیارییانەی دکتۆر یاسین تەها لە کاتێکدایە کە عەلی زەیدی، لە وتارێکیدا لە ناو پەرلەمانی عێراق دەربارەی ئاڵەنگارییە داراییەکان و گۆڕینی نرخی دینار، بە ڕاشکاوی باسی لە سێ بژاردەی سەخت کردبوو لەبەردەم حکوومەتدا:

​بژاردەی یەکەم: پەنابردن بۆ پاشەکەوتی زۆرەملێ و هێشتنەوەی فەرمانبەران بە بەڵێنەوە.

​بژاردەی دووەم: دابەشکردنی مووچە لە هەر 45 ڕۆژ جارێکدا.

​بژاردەی سێیەم: پەنابردن بۆ قەرزکردنی زیاتر و نوقمکردنی وڵات لە قەرزدا، لە کاتێکدا عێراق خۆی لە بنەڕەتدا بەدەست بارگرانی قەرزەکانەوە دەناڵێنێت.

بەپێی پێشبینییەکان، بڕیاردان لەسەر یەکێک لەم بژاردانە یەکلایی کەرەوە دەبێت بۆ داڕشتنی نەخشەی دارایی و بوودجەی ساڵانی داهاتووی وڵات.