​بەپێی ئەو زانیارییانەی کە عادل حسن خستوویەتی ڕوو، لە ڕێککەوتی 29ی کانوونی دووەمی 2016، وەفدێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت ئەنجام داوە. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە لەو کۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی بە ڕوونی پێی وتوون: «ئەو خۆشگوزەرانی و ژیانەی خەڵک پێش 2013 تیایدا بوون، جارێکی تر نایبیننەوە.»

​پلانێکی نێودەوڵەتی و هاوشێوەی میسری کۆن

​عادل حسن لە بەشێکی تری قسەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەهێنرێت، پلانێکی نێودەوڵەتییە؛ هاوشێوەی ئەو پلانەی کە «جیهان سادات»، هاوسەری ئەنوەر ساداتی سەرۆکی پێشووتری میسر، پێشتر باسی کردبوو.

​بەپێی گێڕانەوەکەی جیهان سادات، ئەنوەر سادات ڕۆژێک بە شێواوی و شپرزەیی گەڕابووەوە ماڵەوە و وتوویەتی: «وەفدێکی هاوبەشی ئەمریکی، بەریتانی و فەڕەنسی هاتن بۆ لام و سێ داواکارییان هەبوو:

١. هەوڵ بدەم خەڵکی میسر هەژار ببێت.

٢. هەوڵ بدەم میسرییەکان نەخوێندەوار ببنەوە.

٣. هەوڵ بدەم میسرییەکان بکەم بە مەسیحی.»

سادات ئەوکات هە سێ داواکارییەکەی ڕەتکردبووەوە و پێشبینی کردبوو کە لەبەر ئەوە لەناویان دەبەن، و بەڕاستیش تەنها دوای دوو مانگ لەو دیدارە کوژرا.

​عادل حسن لەم ڕوانگەیەوە کورتەی قسەکەی دەگاتە ئەوەی کە ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، هەمان پلانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکییە. ناوبراو دەڵێت ئێستا هەوڵ دەدرێت زانست بێ نرخ بکرێت، دەنگۆی ئەوە هەیە بەشەناوخۆییەکان بکرێن بە پارە، داواکاریی مامۆستایان سەرەڕای گرتنەبەری هەموو فشارەکان پشتگوێ دەخرێن و خەڵک بە تەواوی هەژار کراوەتەوە، هاوکات ڕێکخراوەکانی بە مەسیحی کردنیش بە ئارەزووی خۆیان و بە دابینکردنی جۆرەها ئاسانکاری لە هەرێمدا کار دەکەن.

​بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات تێبگەن کە هۆکاری سەرەکیی هەژارکردنەوەیان لەم ناوچەیەدا چییە.

لە بەشێکی تری نوسینەکەیدا ​ناوبراو تیشکی خستەسەر هەڵوێستی پەرلەمانتارانی عێراق لەبارەی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی و دەڵێت: «ڕۆژێک لەگەڵ پەرلەمانتارێکی عێراقدا کە باسی لەوە دەکرد لە هەرێمیش بەنزین دەکەین بە 450 دینار، پێم وت: بەڕێزت لە بەغداوە دەڵێی بەنزین لە هەرێم دەکەین بە 450 دینار، بەڵام دڵنیابە بەنزین لە بەغداش دەبێت بە 750 دینار و هەرگیز لە هەرێم بە 450 دینار نابێت.»

​ڕۆڵی پارتە دەسەڵاتدارەکان و ئەمریکا

​ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، وڵاتانی زلهێز بەوە تۆمەتبار دەکات کە بە هاوکاریی ژمارەیەک بەرپڕسی پارتی، یەکێتی، عەلی زەیدی و کەسانی دیکە، «پلانێکی جەهەنەمییان» بۆ دانیشتوانی عێراق و هەرێم داڕشتووە. ئەو هۆشداری دەدات لەوەی کە نایەڵن خەڵک جارێکی تر بە ئاسوودەیی بژی و بە شێوەیەک ژیان وێران دەکرێت کە هاووڵاتی هەمیشە بەدوای بژێوی ڕۆژانەیدا ڕابکات.

​عادل حسن پێی وایە ئەمریکا بە دانانی عەلی زەیدی ڕازی بووە بۆ ئەوەی هەموو شتێک لە عێراقدا هاوشێوەی هەرێم بکات و بە کەرتی تایبەتی ببەستێتەوە. ناوبراو پێشبینی دەکات کە لە داهاتوودا هیچ پاڵپشتییەک بۆ سووتەمەنی، کارەبا، چاودێری کۆمەڵایەتی، تەندروستی و بەشەخۆراکی مانگانە نەمێنێت، هەرچەندە لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دەڵێت: «ئاوەتەخوازم هەڵەبم و ئەمانە ڕووینەدەن.»