جام کوردی - لە ماوەی دوو سێ ساڵی ڕابردوودا، ئێرانییەکان لە نێوان ئەو میدیا ئەمریکییانەی کە سەرقاڵی جەنگی دەروونی و ئۆپەراسیۆنی میدیایین دژ بە ئێران، ناوی «ئاکسیۆس»-یان زیاتر لە «نیویۆرک تایمز»، «سی ئێن ئێن» و «رۆیتەرز» بیستووە. ئەم میدیا ئەمریکییە بە شێوەیەکی ڕۆژانە هەواڵ بە ناوی سەرچاوەی ئاگادار لە ناوەندە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەکانی ئەمریکا بڵاو دەکاتەوە و بووەتە یەکێک لە کاریگەرترین میدیاکان لە بواری کاروباری ئێراندا.

لە دڵی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا، کەسێک بە ناوی «باراک راوید» وەستاوە؛ ئەو وەک ڕۆژنامەنووسی باڵای ئاکسیۆس دەناسرێت و پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و کەسایەتییەکانی وەک ویتکۆف و تا ڕادەیەکیش کوشنەر هەیە.

ئاکسیۆس لە چەندین قۆناغدا هەواڵی لەسەر بنەمای زانیاریی ناڕاست دەربارەی ئێران و دانوستانەکان بڵاو کردووەتەوە کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی ئێرانەوە بە توندی ڕەت کراونەتەوە. بە شێوەیەک کە لە ساڵی ڕابردوودا، گومانێکی زۆر دروست بووە کە ئاکسیۆس نەک میدیایەکی سەربەخۆ، بەڵکو باڵێکی ئۆپەراسیۆنی دەروونیی ئەمریکی و ئیسرائیلییە.

باراک راوید کێیە؟

لە ڕاستیدا باراک راوید زۆر زیاتر لەوەی ڕۆژنامەنووس بێت، ئەفسەری یەکەی 8200ی سوپای ئیسرائیلە و ئەمە نهێنیی سەرەکیی ماجەراکەیە! میدیای ئیسرائیلی «نیوز وەن» چەند ساڵێک لەمەوبەر لەبارەی ئەوەوە نووسیبووی کە راوید پێشتر پلەداری یەکەی 8200 بووە و بە پلەی کاپیتان (سەروان) [بە شێوەیەکی ڕواڵەتی] لەو یەکەیە چووەتە دەرەوە.

هەروەها میدیای ئەمریکی «پاک» (Puck) لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوبراو لە بەشی هەواڵگریی سیگنالی (SIGNIT)ی یەکەی 8200 خزمەتی کردووە و لەوێ فێری زمانی عەرەبی بووە. گۆڤاری «ڤانیتی فێر»یش بە ئاشکرا ئاماژەی بە سابەقەی ئەو لە هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل و بوونی لە یەکەی 8200 کردووە.

یەکەی 8200 چییە؟

یەکەی 8200 یەکێکە لە نهێنیترین و گرنگترین یەکە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و بە هاوتای «NSA»ی ئەمریکا هەژمار دەکرێت. ئەم یەکەیە سەر بە «ئامان» (اداره اطلاعات نظامی ارتش اسرائیل)ە و ئەرکی سەرەکییەکەی هەواڵگریی سیگنالی و سایبرییە.

چالاکییەکانی ئەم یەکەیە بریتین لە: ئۆپەراسیۆنی سایبری، کۆکردنەوەی داتا لە تۆڕە کۆمپیوتەرییەکان، پشتیوانیی هەواڵگری بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، و ناسینەوەی نەخشەی پەیوەندییەکان. لە دەیەی ڕابردوودا ئەم یەکەیە بووەتە ناوەندێکی تێکەڵاوی سایبری و جاسوسی، کە زۆربەی نخبەکانی تەکنەلۆژیای ئیسرائیل دوای خزمەت لەم یەکەیە، دەچنە ناو کۆمپانیا تەکنەلۆژی و ئەمنییەکانەوە.

سەبارەت بە ئێران، ئەم یەکەیە زۆر گرنگە؛ چونکە بەشێکی زۆری زانیارییەکان لەسەر بەرنامەی موشەکی، تۆڕە پەیوەندییەکان، بەرەی مقاوەمە و ژێرخانەکان لە ڕێگەی ئەم یەکەیەوە دەگاتە دەست سوپا و حکوومەتی ئیسرائیل.

ئەنجام

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم زانیارییانە، باراک راوید لە ڕاستیدا نوێنەری دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلە لەناو میدیای ئەمریکادا کە ڕاستەوخۆ لەسەر پرسی ئێران کار دەکات. وادیارە زۆربەی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەروونییانەی کە ئەو ئەنجامی دەدات، ڕاستەوخۆ لەلایەن «ئامان»ەوە ئاراستە دەکرێن.