ناسـر کازم جەبر، بریکاری وەزارەتی پیشەسازیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیر کراوە. بەپێی زانیارییەکان، هێزێکی دەستەی دەستپاکی لە ماڵی خاوەنی کارگەیەکی چیمەنتۆ لە شاری سەماوە، ناو پارێزگای موسەننا، دەستگیری کردووە؛ گوایە ویستوویەتی لە بەرامبەر ئاسانکاری لە کارەکانی کارگەکەدا پارە وەربگرێت.جەبر لە حوزەیرانی ٢٠٢٤ەوە بریکاری وەزارەتی پیشەسازییە و پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی ئەو وەزارەتە بووە. ئەو بەکالۆریۆسی یاسای هەیە و پێشتر باسی پلانی وەزارەتەکەی بۆ چالاککردنەوەی کارگە حکومییەکان و وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی شیش، مس و چیمەنتۆی کردووە.مانگێک پێش ئێستا، لە بەسرە لەگەڵ پەرلەمانتارێکدا ناکۆکییەکی هەبووە و پەرلەمانتارەکە لە نووسینگەی وەزارەتەکەی دەرکردووە. هەندێک ڕاپۆرتیش ئاماژە بەوە دەکەن کە جەبر پەیوەندی بە ڕەوتی حیکمەوە هەیە، کە عەممار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات.
دەستگیرکردنی بریکاری وەزارەتی پیشەسازیی عێراق بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل
جام کوردی - ناسر کازم جەبر، بریکاری وەزارەتی پیشەسازیی عێراق لەکاتی وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
October 13, 2026