پێشهاتەکانی سەر کورسی تیپی ئومێدی ئێرانی چووەتە قۆناغێکی نوێ و پێدەچێت بژاردەی سەرەکی بەرپرسانی فیدراسیۆن بۆ سەرکردایەتی ئەم تیپە، قۆناغەکانی کۆتایی ئامادەبوونی لە تۆپی پێی یانەکاندا لە دەرەوەی وڵاتدا، بەسەر ببات.
هەر لەو پێوەندییەدا، ڕاپۆرتە نوێیەکانی میدیا عێراقییەکان ڕەهەندی نوێی ئەم حاڵەتەیان ئاشکرا کردووە.
بەپێی دوایین ھەواڵی سپۆرت 24ی عێراق، نوێنەرانی فەرمیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم ھەفتەیە، ڕاستەوخۆ بەرەو عێراق بەڕێدەکەون.
ئامانجی سەرەکی ئەم گەشتە و ئامادەبوون لە بارەگای یانەی دهۆک، ئەنجامدانی خولێکی نوێی دانوستانی چڕ و پڕە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی یانەکە بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ ڕۆیشتنی یەحیا گۆڵمحەمەدی لە تیپی دهۆک.
ئەم ڕاهێنەرە بەئەزموونەی تۆپی پێی ئێران گرێبەستی لەگەڵ یانەی دهۆک هەیە لە دۆخێکدا کە لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە. گولموحەمەدی لەم دواییانەدا توانی تیپەکەی لە قەیرانی ئەنجام دەربهێنێت بە بردنەوە و سەرکەوتنی زۆر بەنرخ لە هەفتەی هەشتەمی پێشبڕکێکانی خولی عێراقدا و فشارە قورسەکانی ڕەخنەکان لەسەر شانی خۆی و ستافی ڕاهێنەرایەتی لاببات.
سەرەڕای ئەوەش، چاودێریکردنی هەواڵ و پێشهاتەکانی تۆپی پێی عێراق دەریدەخات کە بەرپرسانی یانە دهۆکییەکە تێڕوانینێکی ئەرێنییان هەیە بۆ کارلێککردن لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران و بە ڕواڵەت دژایەتی ڕۆیشتنی ڕاهێنەرە ئێرانیەکەیان ناکەن، بەڵام بەو مەرجەی یەحیا گوڵموحەمەدی یان فیدراسیۆنی تۆپی پێ بڕە پارەی دوو مانگی گرێبەستەکەی گوڵمحەمەدی (نزیکەی 110 هەزار دۆلار) لەگەڵ دهۆک بخەنە سەر هەژماری یانە عێراقیەکە.
پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی نێوان نوێنەرانی ئێران و بەڕێوەبەرانی دۆهوک گرێی ئەم گواستنەوەیە هەڵبکاتەوە و زەمینە بۆ ئامادەبوونی گوڵموحەمەدی لە تیپی ئومێدی ئێرانی خۆش بکات و لە کۆتاییدا ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئومێد دیاری بکرێت.