لەم وتوێژە تایبەتەدا، ناوبراو پرسی بڕیاری ئەو دواییەی دەسەڵاتدارانی باکۆ بۆ قەدەغەکردنی حیجابی ئیسلامی شی دەکاتەوە و ئاماژە بە هاوکێشە نهێنییەکانی نێوان ئازەربایجان و قەوارەی زایۆنی دەکات.

هەروەها تیشک دەخاتە سەر ڕەنگدانەوەی ئەم هەنگاوە لەسەر نەخشەی سیاسیی ناوچەکە و جیاوازیی نێوان دروشمەکانی دەسەڵاتداران و سەنگەری ڕاستەقینەی بەرگری.

پەیامنێری جام کوردی: بەڕێز عادل غەزەت، سوپاس کە کاتت بۆ ئەم دیمانەیە تەرخان کردووە.

لەم دواییانەدا لە وڵاتی ئازەربایجان کە زۆرینەیان موسوڵمانن، بڕیاری قەدەغەکردنی حیجابی ئیسلامی دەرچوو. ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە. بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەم پێشهاتە چییە؟

​عادل غەزەت: زۆر سوپاس بۆ ئێوە و دەزگای ڕاگەیاندنی جام کوردی. کاتی خۆی کە دەووترا ئازەربایجان گەورەترین بنکەی هەواڵگریی ئیسرائیلە لە دەرەوەی خاکە داگیرکراوەکانی فەڵەستین، خەڵک گاڵتەیان بەم تێگەیشتنە دەکرد! بەڵام ئێستا ئەوەتا حیجابی ئیسلامی لەم وڵاتە زۆرینە موسوڵمانە قەدەغە کرا و ڕاستییەکان دەرکەوتن.

​پێشتر وتنی ئەوەی کە دەسەڵاتی باکۆ گەورەترین مۆڵگەی هەواڵگری و خەندەقی پێشەوەی قەوارەی زایۆنییە لە ناوچەکەدا، قورس بوو بۆ ئەوەی بەرەی وڵاتانی بەناو بەرگری لە موسوڵمان، بڕوا بەم وتانە بهێنن و هەمیشە خەریکی پاساوهێنانەوە بوون!

​پەیامنێری جام کوردی: کەواتە پێتان وایە ئەم بڕیارانە ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە نهێنییەکانی ئەو دەسەڵاتەن لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکاندا؟

​عادل غەزەت: بێگومان. ئەمانە نوێنەری ئەهلی سوننە نین، بەڵکو بەکرێگیراوی دوژمنانی دینی خودان.

ئەمڕۆ، بە فەرمی قەدەغەکردنی حیجابی ئیسلامی لەو وڵاتەدا، ماسکی لەسەر ڕوخساری ڕاستەقینەی ئەو دەسەڵاتە لادا.

​ئەمە نیشانەی ڕوونی ئەوەیە کە زۆرێک لەو حوکمڕانە بەناو سوننەمەزهەبە ناوچەییانەی کە دۆستی ئەمریکا و ئیسرائیلن، لە بنەڕەتدا تەنها پەڕۆیەکی شۆڤێنی و کۆیلەی دەستوپێوەندی زایۆنیزم و ئەمریکان.

ئەوان بوون بە بار بەسەر ئەسڵی دینەکەوە و دروشمی ئایینی تەنها بۆ فێڵکردن بەکاردێنن، نەک وەستانەوە لەسەر ئەسڵی دینی خوا. ئەوان لەژێرەوە لەگەڵ دوژمنانی خودا و ئیسلامدان، لەبەرماوەی داگیرکەران و لە کاسەیەکدا ئاو دەخۆنەوە.

​پەیامنێری جام کوردی: لەم هاوکێشە ئاڵۆزەی ناوچەکەدا، ڕوانگەتان بۆ بەرەی بەرگری و لایەنەکانی تر چییە؟

​عادل غەزەت: ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک بۆمان دەردەکەوێت کە تەنها و تەنها بەرەی بەرگریی پیرۆز، بە خوێن و بە کردار لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن لە شەرع، گەلی فەڵەستین، گەلانی بەش مەینەتی ئیسلامیی، قورئان و پیرۆزییەکاندا وەستاوە، و ئەوانەی تریش جگە لە پاشکۆیەتی و خیانەت بە ئوممەتی ئیسلامی هیچی تریان لێ سەوز نەبووە!

​ئەوکاتەی سەرۆکی ئازەربایجان لەگەڵ سەرۆکی وڵاتە باگراوند ئیسلامییەکان دەرەکەوت و دەست لە پشتی دەدرا، ئاسان بوو تاکێکی ئەم بەرەیە بڕوا بە نۆکەریی ئەمانە بهێنێت؟بەڵام ئەمڕۆ مێژوو و ڕووداوەکان ڕاستییەکانیان بۆ هەمووان یەکلا کردەوە.

لە کۆتاییدا، عادل عزەت جەختی کردەوە کە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە پەردە لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی هاوپەیمانییە نهێنییەکان لادەدەن و هاوکێشەکان روونتر دەکەنەوە.

 بە بڕوای ناوبراو، تەنها ڕووداوە کردارەکییەکان و هەڵوێستە مەیدانییەکان سنوری نێوان دڵسۆزانی ئوممەت و پاشکۆکانی بەرەی بەرامبەر دیاری دەکەن.