لە بەدواداچوونێکی پەیامنێری جام کوردی لەسەر لێدوانەکانی عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، لە کاتی بەڕێوەچوونی دیداری مێریدا، ناوبراو تیشکی خستە سەر خەرجکردنی خەیاڵیی پارە بۆ باشترکردنی ڕوخسار و پێگەی سیاسیی ئەو دەمچاوە حوکمڕانانەی کە چەندین ساڵە قەیران و نەهامەتییان بۆ خەڵکی کوردستان دروست کردووە.

​حەمەساڵح لەسەر ئەم پرسە ئاماژەی بەوە دا کە لە ساڵی ٢٠١٣دا، بڕی ٩۳.٥ پۆینت ٥ ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی بانکی کوردستانی ئەهلییەوە (لە هەژماری ۱۷۲۲) تەرخان کرا بۆ ئەو دەمچاوە حوکمڕانانە، بە ناوی ئەوەی گوایە هەدیەیەکە بۆ پێشکەوتنی کوردستان، کەچی لە ڕاستیدا ئەم پارەیە تەنها بۆ جوانکردنی ڕوخساری ئەو سیاسیانە بەکارهات کە کوردستانیان تووشی قەیران و دۆخێکی ناهەموار کردووە.

​سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ئەوەشی خستە ڕوو کە لەم پرۆسە و خەرجیانەدا، هیچ ئاماژەیەک بە برسێتی و خراپیی بژێوی خەڵک نەدرا؛ باسی گرانیی کارەبا، گرانیی بازار و قەیرانە قورسەکانی هاووڵاتییان نەکرا.

هەروەها باسی ئەوە نەکرا کە چۆن دەستێوەردانی حیزبی پێکهاتەی هەرێمی کوردستانی پارچەپارچە کردووە، یان باسی ئەو پێشێلکارییانەی وەک سەدان هەزار دینار وەرگرتن لە هاووڵاتییان لە بازگەکان، قاچاخچیەتیی مەرزییەکان، و تاڵانکردنی سامانی گشتی نەکرا.

​لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دەسەڵاتدارانە سەرەڕای ئەوەی لە دوو شاردا حوکمڕانن و بوونەتە خاوەنی ملیارەها دۆلار، بەڵام ساڵەهاست هیچ بایەخێك بە دامەزراوەیەکی نیشتمانی، دادگایەکی سەربەخۆ، یان زانکۆیەکی نیشتمانی نادەن؛

 بەڵکو تەنها و تەنها ئامانجیان ئەوەیە پارەیەکی زۆر بەکاربێنن تاوەکو شکستە گەورەکانی خۆیان لە بەڕێوەبردنی خەڵکدا بشارنەوە و دەمچاو و وێنەی خۆیان لە ناو کۆمەڵگەدا جوان بکەن.