سەردار سەنایی‌ڕاد لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە بڕگەکانی لێکتێگەیشتنی ئیسلام‌ئاباد لە بنەڕەتدا لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون، بەڵام لایەنی ئەمریکی بە پەنابردنە بەر سیاسەتی گوشار و فریودان، هەوڵی داوە ڕێڕەوێکی دیکە جگە لەو ڕێڕەوەی لەسەری ڕێککەوتبوون دروست بکات، لە کاتێکدا ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی دوو مانگ تەنیا لەسەر هاتوچۆی کەشتییەکان لەو ڕێڕەوە دیاریکراوەی ئێران (ڕێڕەوی ئارام) بووە.

سەنایی‌ڕاد ڕوونیشی کردەوە کە سەرەتای پێشێلکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بووە، کاتێک گوشاریان خستە سەر چەند وڵاتێک بۆ تێپەڕاندنی کەشتی لە ڕێڕەوێکی باشوورییەوە و هاوکات بە یاوەریکردنی (ئێسکۆرت) قورسی کەشتییەکان و دزەکردنی پاپۆڕەکانی ئەمریکا بۆ گەرووی هورمز، کە ئەوەش لە بەرامبەردا وەڵامدانەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی لێکەوتەوە.

ناوبراو ڕەخنەی توندی لە هەندێک لە کارەکتەر و ڕەوتە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئێران گرت کە هێزە چەکدارەکان بە دەستپێشخەری ئەم دۆخە دەزانن و وتی: «ئەم هەڵوێستانە قوربانیکردنی بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانییە لە پێناو ململانێی حزبی و جەمسەربەندی سیاسی؛ هەروەها لە کاتێکدا کە وڵات لەژێر هەڕەشەدایە، ئەم جۆرە تۆمەتبارکردنە ناوخۆییە خزمەتکردنە بە دوژمن.»