بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە لە یەکشەممەی داهاتووەوە مووچەی ٨٦ هەزار و ٧٣١ مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست و کرێی ڕۆژانە، کە دوای ١ی تەمموزی ٢٠٢٤ دامەزراون، لەگەڵ زیاتر لە ٨ هەزار خانەنشینی دەڤەری دوو دەست بە دابەشکردنی مووچەیان بکرێت. پرۆسەکە سێ ڕۆژ دەخایەنێت.لەبارەی مووچەی مانگی ئۆکتۆبەریشەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هەفتەیەکە دەستی بە ئامادەکردنی لیستی مووچەخۆران کردووە و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراقیش ڕایگەیاندووە ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئۆکتۆبەر لە یەکشەممەوە دەست پێدەکات، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، هێشتا لیستەکان و ڕاپۆرتی ژمێریاریی مانگی ڕابردوو دەبێت تەواو بکرێن.بەپێی هەڵسەنگاندنێکی ئابووری، عێراق لە مانگی ڕابردوودا بە تێکڕا ڕۆژانە ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و داهاتی نەوتی گەیشتووەتە نزیکەی ٦ ملیار و ٩٦٢ ملیۆن دۆلار. هەروەها داهاتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەشێک لە سەرچاوەکانی دابینکردنی خەرجییە حکومییەکانن.سەرچاوەکان پێشبینی دەکەن ئەگەر ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکان بە کاتی خۆیان تەواو بکرێن، مووچەی مانگی ئۆکتۆبەری هەرێمی کوردستان لەم مانگەدا زووتر دابەش بکرێت؛ بەڵام تا ئێستا بەرواری کۆتایی دابەشکردنی هەموو مووچەخۆران بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.