​لە سەرەتای وتوێژەکەدا بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندیی نێوان وڵاتان و کیانە سیاسییەکانی هەرێم، بە تایبەتیش لە نێوان هەولێرو تاران، تەنیا لە یەک ڕەهەنددا کورت نابێتەوە، بەڵکو چەندین جۆری جیاواز دەگرێتەوە کە هاوکارن لە دروستکردنی ئاسایش و گەشەپێداندا:

پاشان وتی" پایەی سەرەکی و یەکەم هەنگاوی لێکتێگەیشتنی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانە، بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ئاڵۆزییەکانە.

​پاشان وتی" ئەم خاڵە شادەماری بەهێزکردنی ژێرخانی هەردوو لاو گەشەی ناوچەکەیە لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، وەبەرهێنان و پەیوەندی کلتوری و کۆمەڵایەتی تەندروست لەنێوان نەتەوەکاندا.

​ئەو بەڕێوبەرەی تەلەفزیۆنی هەڵەبجە وتیشی" لەم بوارەدا هەردوو لا دەتوانن لەڕووی بەرگری، ڕاهێنان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکانەوە هاوکاری یەکتر ببن بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و هەرێمی.

​شنروێ ئەحمەد لە درێژەی وتوێژەکەیدا لەگەڵ جام کوردی جەختی لەوە کردەوە کە ئەنجامدانی هەر چالاکییەک کە ڕەهەندی دژایەتیکردنی وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتی ئێران بگرێتە بەر—چ چالاکی ڕۆشنبیری، سیاسی و سەربازی یان حەواندنەوە و پشتگیریکردنی ئۆپۆزسیۆن و دژمنانی ئەو وڵاتانە بێت—کاریگەریی نەرێنی ڕاستەوخۆ لەسەر پێگە و ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات.

​شنروێ ئەحمەد لە بەشێکی تری وتوێژەکەیدا جەختی کردەوە بەشداریکردن لەم جۆرە چالاکی و جوڵە دژبەرانەدا یان ڕێگەدان بە بەکارهێنانی ئەرزی هەرێمەکە بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتی ئێرانی دراوسێ، دەبێتە هۆی لاوازکردن و سنوردارکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و دروستکردنی گرژی، لە بڕی ئەوەی خزمەت بە بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و سەقامگیری بکات.

​لە کۆتایی وتوێژەکەدا شنروێ ئەحمەد ڕوونی کردەوە کە کیان یان وڵاتی بەهێز و ژیر، ئەو لایەنەیە کە دەتوانێت دیپلۆماسییەتێکی هاوسەنگ و ژیرانە پەیڕەو بکات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکان و جیهانی دەرەوەدا بەرەو پێش ببات، نەک خۆی بکاتە دارەدەست یان ئامرازێک لە ململانێیە هەرێمییەکان و جێبەجێکردنی ئەجێندای هێزە دژبەرەکان، بەشێوەیەک کە پەیوەندییە مێژوویی و ئاسایشییەکانی بباتە قۆناغی ساردبوونەوە یان پچڕان.