​لە کاتێکدا دۆخی ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە چالاکیی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە ناوەندە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە جیاوازەکاندا ڕەنگدانەوەی بەرفراوانی هەبووە.

​محەممەدی کتێبفرۆش لە سەرشەقامێکی شاری سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە لێدوانەکانی سەرۆکی هەرێم پەیامێکی ڕوونی ئاشتی و دوورخستنەوەی مەترسییەکانە لە ناوچەکە، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە چالاکیی چەکداری لەسەر سنوورەکان هەمیشە بیانوو دەداتە دەست وڵاتانی دراوسێ بۆ پەلاماردان و کاسبی و ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییان تێکدەدات.

​لە لایەکی ترەوە، ڕێبوار جەعفەرانی، چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم لێدوانانە وەک هەنگاوێکی دیپلۆماسیی ناسک بۆ باڵانسکردن و ڕازیکرتنی دراوسێکان دەبینێت، بەڵام هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی بوونی ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار لە ناوچە سنوورییەکان بەردەوام مەترسیی لەسەر سەقامگیریی هەرێم دروست دەکات و هاوڵاتیی سیڤیل دەبێتە قوربانیی یەکەم.

​لەسەر ئاستی گەنجان و خوێندکاران، ئەلینا لوقمان، خوێندکاری دەرچووی دانەمەزراوی زانکۆ، ڕوونی دەکاتەوە کە هەوڵە سیاسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە جێی دەستخۆشین، چونکە هەر ئاڵۆزییەکی ئەمنی سەرنجی دەسەڵات لەسەر کێشە بنەڕەتییەکانی وەک بێکاری دوور دەخاتەوە.

هەروەها دڵشاد ڕەسول، خانەنشینێکی تەمەن ٧٠ ساڵە، ئاماژە بە ئەزموونی تاڵی جەنگەکانی ڕابردوو دەکات و ڕایدەگەیەنێت کاتێک گروپەکان لە چیاکانەوە چالاکی سەربازی ئەنجام دەدەن، تاران بە چاوی گومانەوە تەماشای تەواوی هەرێم دەکات و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی خێزانەکان دەکەوێتە مەترسییەوە.

​کارمەندانی کەرتی ئاسایش و کاسبکارانیش هەمان نیگەرانی دەربڕن؛ مزەفەر ئەحمەد لە سکوڕیتی سیتیەکان ئاماژە دەکات کە ئارامیی سیاسی بنەمای کارکردنیانە و گرژییەکان بۆشایی ئەمنی دروست دەکەن.

سەرکەوت ئابڵاخی، شۆفێری تەکسییە، جەخت دەکاتەوە کە هەر مەترسییەکی ئەمنی گەشت و هاتووچۆی خەڵک کەم دەکاتەوە و ڕاستەوخۆ بژێویی شۆفێران دەپێکێت.

جەمال زەردەهاڵی، حەواڵەکاری شتومەک لەنێوان عێراق و ئێران، تەئکیدی کردەوە کە ئاڵۆزیی چەکداری متمانەی بازاڕ دەڕووخێنێت و دەروازە سنوورییەکان دەکاتە ئامانج، کە ئەمەش زیانی گەورەی دارایی بۆ بازرگانان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

شایەنی وتنە واوی توێژەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵکدا ناگونجێت و بەرپرسیارێتیی حیزبە سیاسییەکانە کە لەم بارەیەوە هەڵوێستی گونجاو بگرنەبەر.