ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا دەیەوێت لە نێوان ساڵانی 2027 بۆ 2030 بڕی 6.35 ملیار دۆلار پاداشت دابەش بکات، بۆ ئەوەی 211 ئەندامی ڕێکخراوەکە ڕازی بکات.

ئەو بڕە پارەیەی کە سەرۆکی فیفا بەڵێنی دابوو بەسەر ئەندامانی ئەم دامەزراوەیە دابەشی بکات، بە گەورەترین پاداشت دادەنرێت لە مێژووی ڕێکخراوەکەدا.

سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی جیهان بەهۆی ئەنجامی کاری سیاسی لەگەڵ ترەمپ پێگەی پێشووی لە نێوان 3 کونفیدراسیۆنی گەورە واتە AFC، یوفا و کۆنکاکاف، لەدەستدا.

 دوورخستنەوەی ئینفانتینۆ دوای ئەوە دەستی پێکرد کە پەردەی لەسەر پلانێکی شکستخواردوو بۆ فرۆشتنی مافی بازرگانی مۆندیال بە زاوای ترەمپ لادا.

ئێستا ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردۆتەوە کە سەرۆکی فیفا هەوڵدەدات بە وەبەرهێنانێکی گەورەی ئابووری گرژییە ناوخۆییەکان تێپەڕێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ خولی چوارەم لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی فیفا دابنیشێت.

جیانی ئینفانتینۆ لە درێژەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی فیفا لە زوریخ پلانێکی وەبەرهێنانی بۆ ماوەی ساڵەکانی 2027-2030 خستەڕوو و بڕیارە کاتێک ئەم پلانە جێبەجێ دەکرێت و ئەگەر ئینفانتینۆ وەک سەرۆکی فیفا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بمێنێتەوە، هەر ئەندامێکی فیفا 25 ملیۆن دۆلاری پێدەدرێت.