​لە دەستپێکی وتوێژەکەدا، مامۆستا دانا عەبدول جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەر کردارێک دژی وڵاتانی دراوسێ، پێچەوانەی بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانە و کاریگەریی نەرێنیی گەورەی دەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە نموونەی بەرچاو لەبەرچاوە، لەوانە پێشێلکارییەکانی تورکیا لەسەر خاکی هەرێم و بۆردومانی ناوچە سنوورییەکان بە بیانوی بوونی هەڕەشە،

هەروەها دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە لە چەند شوێنێکەوە کۆنتڕۆڵکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا قورس بووە.

​هەروەها باسی لەوە کرد کە وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت لە بەرانبەر هەر مەترسییەکی ئەمنی کە لە خاکی هەرێمەوە بۆ سەر ئارامییەکەیان دروست بووبێت، هەڵوێستی توندیان هەبووە و نیگەرانیی قووڵیان دەربڕیوە، ئەمەش پیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە مانەوەی ئەم دۆخە ستراتیژێکی هەڵەیە.

​لە بەشێکی تری قسەکانیدا، مامۆستا دانا عەبدول ڕوونی کردەوە کە "زۆر نامەنتقییە ڕێگە بدرێت لە خاکی هەرێمەوە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ دروست بکرێت."

ناوبراو هۆشداری دا کە ئەم دۆخە چەندین زیانی گەورەی لێکەوتووەتەوە، لەوانە:

- تێکچوونی ژێرخانی ئابووری و وەستانی پڕۆژەکان لە ناوچە سنوورییەکان.

​- ئاوارەبوونی دانیشتووانی گوندە سنوورییەکان و تێکچوونی ژیانی خەڵک.

​- لاوازکردنی پێگەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی.

​سەبارەت بە چارەسەری ئەم کێشەیە، پەیامنێری (جام کوردی) پرسیاری لە مامۆستا دانا کرد کە ئایا هەنگاوی پێویست چین؟

لە وەڵامدا جەختی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی جدی بنێت و لەگەڵ هێزە چەکدارەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتانی دراوسێدا لە گفتوگۆدا بێت و ڕێگە نەدات خاکی هەرێم بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکان.

​هاوکات دووپاتی کردەوە کە لە پلەی یەکەمدا خودی هەرێمی کوردستان زیانمەند دەبێت، چونکە توانای سەربازی و بەرگریی بێسنوور نییە لە بەرانبەر هێزە گەورەکانی چواردەوردا،

بۆیە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی لەوەدایە کە خاکەکەی بۆ هیچ هەڕەشەیەک دژی دراوسێکان بەکار نەیەت.

​لە کۆتایی دیمانەکەدا، مامۆستا دانا عەبدول جەختی لەسەر توندوتۆڵکردن و چاودێریکردنی بەردەوامی سنوورەکان کردەوە وەک کلیلی سەرەکی بۆ ڕێگریکردن لەو حاڵەتانە،

هەروەها داوای هەماهەنگیی زیاتری ئەمنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرد بۆ ئەوەی رێگە بە دووبارەبوونەوەی چنین دۆخێک نەدرێت کە بڕبڕەی پشتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بشکێنێت.