بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەحمان فەیز قوربانی بە ئاماژەدان بە تواناکانی باخداری کرماشان ڕایگەیاند: 1هەزار و 315 هێکتار لە باخەکانی پارێزگاکە بۆ چاندنی هەنار تەرخان کراوە و پارێزگای پاوە کە نزیکەی هەزار هێکتاری هەیە، گەورەترین ڕووبەری لە ژێر چاندنی ئەم بەرهەمەدا هەیە. هەروەها جوانڕۆ بە 136 هێکتار و گیلان غەرب بە 50 هێکتار ناوچەی بەرهەمهێنەری هەنارەکانی دیکەی پارێزگاکەن.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە کوالیتی خوازراوی هەنارەکانی کرماشان بە تایبەت ئەوانەی لە پارێزگای پاوە بەرهەم هێنراون، وتی: بەشێک لەو هەنارانەی کە لەو پارێزگایە بەرهەم دەهێنرێن ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی وڵات و عێراق دەکرێن و توانای گونجاو هەیە بۆ پەرەپێدانی هەناردەکردنی ئەم بەرهەمە.

فەیز قوربانی هەروەها پێویستی هەناری بە ئاوی تاڕادەیەک کەم و بارودۆخی کەشوهەوای گونجاوی ناوچە نیمچە گەرمەکانی، زۆر بە سود بۆ پەرەپێدانی چاندنی ئەم بەرهەمە زانی و ڕایگەیاند کە پەرەپێدانی باخەکانی هەنار بەتایبەت جۆری کوالیتی بەرز و بەرهەمدارەکان لە بەرنامەکانی کەرتی کشتوکاڵی پارێزگاکەدا جێگیرکراوە.

ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی پیشەسازییەکانی پرۆسێسکردن، زیادی کرد: پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی بەرهەمگەلێک وەکو شلەی هەنار دەتوانێت پاشماوەی کشتوکاڵی کەم بکاتەوە و بەهای زیادکراوی زیاتر دروست بکات و داهاتی باخەوانان زیادتر بکات.

لە پارێزگای کرماشان دروێنەکردنی هەنار دەستی پێکردووە، بەڵام بەهۆی پێنەگەیشتنی تەواوەتی ئەو بەرهەمە، لە ئێستادا ئەنازەی دروێنەی هەنار سنووردارە.