فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دەرئەنجامی کۆتایی هەموارکردن و داڕشتنی پرۆژەیاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق دەنێرێت. پرۆژەیاساکە چەند پێشنیازێکی بۆ زیادکردنی مووچە و یەکسانکردنی شایستە داراییەکان لە نێوان فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان تێدایە.لیژنەیەکی باڵا کە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە فەرمانی دیوانی ژمارە ٢٤ پێکهێنراوە، دوای چەندین کۆبوونەوە ڕاسپاردەکانی ئامادە کردووە. لە پێشنیازەکاندا زیادکردنی مووچەی بنەڕەتی، هەڵوەشاندنەوەی دەرماڵە کۆنەکان و دیاریکردنی دەرماڵەی نوێ بە ڕێژەی ٥٠٪ بۆ هەندێک فەرمانبەر و ٣٠٪ بۆ بەشێکی دیکە، هەروەها یەکسانکردنی مووچەی سەرۆکایەتییە سێگانەکەی عێراق لەگەڵ مووچەخۆرانی دیکەی دەوڵەت هەیە.سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، لیژنەکە پێشنیازی کردووە ڕاسپاردەکان بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمیشدا جێبەجێ بکرێن، بە مەرجێک دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم میلاکی فەرمی فەرمانبەرانیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکەن، بۆ دیاریکردنی شایستە داراییەکان و تەمویل.هەروەها پێشنیاز کراوە پشکی قازانجی فەرمانبەرانی کۆمپانیا حکومییەکان لە ٥٠٪ی کۆی مووچەی نوێ زیاتر نەبێت و ئەو بڕە زیادەیەی پێشتر وەرگیراوە، دوای پەسەندکردنی یاساکە بگەڕێندرێتەوە گەنجینەی دەوڵەت.بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەکە، ژمارەی گشتی فەرمانبەران لە خشتەی «ج»ی یاسای بودجەدا ٤,٠٠٧,٤٦٩ کەسە، بەڵام تەنها زانیاریی ١,٠٩٧,١٠٩ فەرمانبەر گەیشتووەتە دەستی لیژنەکە. بۆیە لیژنەکە داوای لە پەرلەمان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی داتاکان هەنگاوی جدی بنێت.