ئەم ڕۆژگارەی کە هەواڵەکان لە هەموو کات تاڵترن و مرۆڤەکان ماندووتر لە هەمیشە، رەنگە هیچ فەزیلەتێک هێندەی «دەستکراوەیی و بەخشندەیی»، غەریب و لەبیرکراو نەبێت. بەخشندەییەک کە نە لە بەخشینی ماڵ و سامان کورت دەبێتەوە، نە لە نمایش و ژوانی گەورەدا. بەخشندەیی پێش هەموو شتێک، ڕوانینێکە؛ ڕوانینێک نەک لە ڕوانگەی بەزەییپێداهاتنەوە، بەڵکوو لە هەناوی ڕێزەوە.
لە کۆمەڵگەیەکدا کە مەوداکان ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبن، لە شارێکدا کە
دراوسێ ئاگای لە دراوسێ نییە، و لە سەردەمێکدا کە مرۆڤەکان لە جیاتی ئەوەی پێکەوە
بدوێن، لەگەڵ شاشەی مۆبایلەکانیاندا دەدوێن، بەخشندەیی واتایەکی نوێ بەخۆیەوە دەگرێت.
بەخشندەیی چیتر تەنیا پێدانی پارە نییە بە هەژارێک؛ بەخشندەیی، تەرخانکردنی کاتە بۆ
کەسێک کە کەسی نییە. بەخشندەیی، گوێگرتنە کاتێک کە تەنانەت تاقەتی خۆتت نییە. بەخشندەیی،
ئەو بزەیەیە کە بێ چاوەڕوانی و بێ منەت دەیبەخشیتە ڕووی خەڵکی.
کۆمەڵگەی ئێمە، پێش ئەوەی پێویستی بە بەخشندەیی دارایی هەبێت، پێویستی
بە بەخشندەیی ئەخلاقییە. پێویستی بەو کەسانەیە کە بڕیار لەسەر خەڵک نەدەن؛ پێش ئەوەی
مەحکوومی بکەن، پرسیار بکەن و تێبگەن. پێویستی بەو کەسانەیە کە لە قەرەباڵغیی ئەم ڕۆژگارەدا،
جێگە بۆ یەکتر بکەنەوە.
بەخشندەیی، لە سەردەمێکدا کە هەمووان پەلەیانە، یانی وەستان. یانی مانەوە.
یانی گوتنی «من لێرەم و لەگەڵتم» بۆ کەسێک کە وا دەزانێت تەنیا کەوتووەتەوە. بەخشندەیی،
لە سەردەمێکدا کە هەمووان لە یەکتر دەترسن، یانی متمانەکردن. یانی دەستپێشخەری. یانی
باجدان و مەترسیکردن لەپێناو کەسێک کە ڕەنگە هەرگیز نەتوانێت قەرەبووی بکاتەوە.
ڕەنگە گرنگترین بەخشندەیی ئەمڕۆ، دەستکراوەیی بێت لەگەڵ خۆماندا. لێخۆشبوون
بێت لە خۆمان بۆ ئەو هەڵانەی کە کردوومانن؛ میهرەبانبوون لەگەڵ خۆماندا لەو ڕۆژانەی
کە کەس میهرەبان نییە. چونکە ئەو کەسەی لەگەڵ خۆیدا بەخشندە نەبێت، ناتوانێت لەگەڵ
ئەوانی تریشدا دەستکراوە و بەخشندە بێت.
بەخشندەیی، دەوڵەمەندبوون نییە؛ گەورەبوونە. گەورەییش شتێک نییە لە هەژماری بانکیدا بپێورێت، بەخشندەیی لە دڵدا دەنەخشێت و لە دڵدا هەژمار دەکرێت.