جام کوردی - داتاکانی کەشتیوانی و بەدواداچوونی مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای گەمارۆ و چاودێریی دەریاییی هێزەکانی ئەمریکا، توانیویەتی بڕێکی بەرچاو لە گازی شل (LPG) و سووتەمەنیی فڕۆکە لە ڕێگەی کەنداوی فارسەوە هەناردەی بازاڕەکان بکات.

بەپێی زانیارییەکانی هاتوچۆی دەریاوانی و سەرچاوە ئاگادارەکان کە ئاژانسی “ڕۆیتەرز” بڵاوی کردووەتەوە، ئێران لە مانگی تەمووزەوە توانیویەتی گەمارۆ سەپێنراوەکان تێپەڕێنێت و بەشێک لە بەرهەمە نەوتی و گازییەکانی بگەیەنێتە دەست کڕیارەکانی.

لە شیکارییەکی گرووپی ئەمریکیی “یەکگرتوو دژی ئێرانی ئەتۆمی” (UANI)دا کە لە ڕێگەی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان و مانگە دەستکردەکانەوە چاودێریی تەنکەرەکانی ئێران دەکات، هاتووە؛ لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزەوە لانی کەم هەشت تەنکەری گازی هەڵگری گازی شلی ئێران، لە کەنداوی عومانەوە بەڕێکەوتوون و ناوچەکەیان جێهێشتووە.

هاوکات، وێنە مانگییەکان و لێکۆڵینەوەکانی گرووپی هەواڵگریی دەریایی “SynMax” ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە تەنکەرێکی دیکەی هەڵگری سووتەمەنیی فڕۆکەی ئێران لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتووەتە وڵاتی میانمار.

ئەم بەڵگانە لە کاتێکدا ئاشکرا دەبن کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سەنتکۆم) بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە گەمارۆ دەریایییەکەی سەر ئێران—کە بۆ یەکەمجار لە ١٣ی نیساندا سەپێندرا—«بێ‌کەلێن و تەواو کاریگەرە». شایانی باسە ئەو گەمارۆیە لە مانگی حوزەیراندا دوای ڕەشنووسی لێکتێگەیشتنێک لە نێوان تاران و واشنتۆن لە ئیسلام‌ئاباد هەڵپەسێردرا، بەڵام لە ١٤ی تەمووز و دوای شکستهێنانی دانوستانەکان، سەرلەنوێ خرایەوە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ئەم داتایانەدا، بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆیتەرز هەوڵی کەمکردنەوەی کەلێنەکانی گەمارۆکەی دا و ڕایگەیاند: تێپەڕبوونی کەشتییەک مەرج نییە بە واتای دەربازبوون لە گەمارۆ بێت؛ هەر کەشتییەک بە جیا و دوای وردبینی لە بەڵگەنامەکانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و هەندێکیان بە هۆکاری مرۆیی ڕێگەی تێپەڕبوونیان پێ دەدرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە، وتەبێژی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گومانی خستە سەر داتاکانی هاتوچۆی دەریاوانی و گوتی؛ کەشتییەکان دەتوانن شوێنی مانەوەی خۆیان بە شێوەی دەستکرد بشێوێنن یان ناسنامەی ساختە لە کاتی بارکردندا بەکاربهێنن، بۆیە دەبێت ئەم داتایانە بە گومانەوە سەیر بکرێن.

سەرەڕای لێدوان و هەڵوێستەکانی واشنتۆن کە بەردەوام بانگەشەی سەرکەوتوویی تەواوی گەمارۆکان دەکات، وێنە نوێیەکانی مانگە دەستکردەکان و داتاکانی چاودێریی نێودەوڵەتی، پێچەوانەی ئەم بانگەشانە دەسەلمێنن و ئاماژە بە بەردەوامیی جووڵەی وزەی ئێران بەناو ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دەکەن.