جام کوردی - ڕۆمانی «لەوێ مەمرە»، نووسینی ڕەزا عەلی‌پوور، لە نێوان چەندان کتێبدا، وەک هەڵبژێردراوی کتێبی ساڵی کوردی دیاریکراوە.

ئەم ڕۆمانە کە لە ساڵی ٢٠٢٥ چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م بڵاوی کردووه‌ته‌وه، لەلایەن ئەنیستتیوتی داکۆ و لیژنەی هەڵبژاردنی کتێبەوە، لە نێوان ١٣٠٠ کتێب و لە بەشە جیاوازەکانی هەڵبژاردنەکەدا، له به‌شی گێڕانەوە و ڕۆماندا‌ هەڵبژێردراوە.

«لەوێ مەمرە» دووهه‌م ڕۆمانی ڕەزا عه‌لی‌پوور نووسه‌ری کوردستانی ئێران و لە ڕیزەی هەڵبژێردراواندا جێی خۆی کردووە.

پڕۆژەی «داکۆ بۆ کتێبی ساڵ»، ئەمساڵ یەکەمین جارە بەڕێوەدەچێت و لیژنەیەکی هەشت کەسی کتێبەکانیان له بواری ئەده‌بیات و‌ فیکردا هەڵبژاردووە، پاشان لە قۆناغی دواتردا، کەسانی دیکە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی کتێبەکانیان نووسیوه و له ژماره‌ی یه‌کی گۆڤاری داکۆدا بڵاو کرایه‌وه و لە ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆدا له سلێمانی ڕۆژی سێشەممه ۱۵ ی ڕەزبه‌ر ناوی براوه‌کان ڕاگەیەنرا.

ئەم هەڵبژاردنە، لەگەڵ ئەوەی ڕووداوێکی گرنگە بۆ ناساندنی بەرهەمە ئەدەبییەکانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان، دەتوانێت پردێکی ئەدەبی لەنێوان نووسه‌ران و خوێنه‌رانی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستانیش دروست بکات.