جام کوردی - وەزیری نوێی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی لێکتێگەیشتن و ناسینی وردی گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان، رایگەیاند کە هێزی بەرگریی هەر وڵاتێک، جگە لە توانستە ئۆپەراسیۆنییەکانی، پەیوەستە بە ئاست و چۆنیەتیی تێگەیشتنی ئەو وڵاتە لە ژینگەی ستراتیژی.

مێهرداد ئەخلاقی، وەزیری نوێی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان، لە دانیشتنێکی پەرلەمانی وڵاتەکەی و لە کاتی خستنەڕووی بەرنامەکانیدا رایگەیاند، دوژمن لە ئێستادا کەوتووەتە دۆخی بنبەستی ستراتیژییەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد وەک سەربازێکی بچووکی گەلی ئێران لە پێگەی پەرلەماندا، ڕێز لە یادی سەرکردە و شەهیدانی بەرەی بەناو مقاوەمەت، بەتایبەت ئەمیر فەریق نەسیریزادە دەگرێت و جەختی کردەوە کە بەردەوامدەبێت لەسەر ڕێباز و پلانی فەرماندە پێشووەکان.

وەزیری نوێی بەرگریی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو: «خزمەتکردن بە گەلێک کە لە نەبەرد و ڕووبەڕووبوونەوەدایە لەگەڵ بەرەی زایۆنیزم و ئیستکباری جیهانی، و بوون بە سەرباز لەژێر فەرماندەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی، دەرفەتێکی گەورەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی جیهادی.»