جام کوردی - سەید عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا، لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێران تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیاری ناوچەیی، لەوانە پرسی گەرووی هورمز، کێشەی یەمەن، پەیوەندییەکان لەگەڵ لوبنان و ڕۆڵی نوێی عێراق لە سەرۆکایەتیکردنی ڕێکخراوەکەدا.

ڕۆڵی عێراق و ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی  

عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لە کۆبوونەوە ئاساییەکانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کە ساڵانە بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵ سەرۆکایەتییەکەی بە عێراق سپێردراوە. ناوبراو وتی: «عێراق وەک وڵاتێکی دۆست و دراوسێ بایەخێکی گەورەی بۆ ئێمە هەیە و سەرکەوتنی لە بەڕێوەبردنی ئەم ڕێکخراوەدا گرنگییەکی زۆری دەبێت.» هاوکات ڕەخنەی لە کارنامەی پێشووی ڕێکخراوەکە گرت و ڕایگەیاند بەهۆی چەندین هۆکارەوە کارایی باشی نەبووە، بەڵام بە دیاریکردنی ئەمینداری گشتیی نوێ و گواستنەوەی سەرۆکایەتی بۆ عێراق، هیوادارن ڕێکخراوەکە بووژانەوە بەخۆیەوە ببینێت و ڕۆڵی ڕاستەقینە لە چارەسەری ناکۆکییەکاندا بگێڕێت.

دۆسیەی یەمەن و بڕیارنامەی کۆتایی  

سەبارەت بە دۆسیەی یەمەن و بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا و گوتی: «لە پرسی یەمەندا گفتوگۆی زۆر جدی ئەنجام دران؛ عەرەبستانی سعوودیە ڕوانگەی خۆی خستەڕوو و ئێمە و وڵاتانی دیکەش بۆچوونی خۆمان ڕاگەیاند. داوای دەرکردنی بڕیارنامەیەک دەکەن کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بەڵام داوا دەکەین دادپەروەری و هاوسەنگی لە دەقەکەدا رەچاو بکرێت؛ ئەگەر ئەمە نەکرێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ شێوەیەک بەشداری لەم بڕیارنامەیەدا ناکات و پەسەندی ناکات.» عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد کە گوتاری وڵاتەکەی و لۆبییە دیپلۆماسییەکانی تاران جەختیان لەسەر چارەسەری بنەڕەتی کردووەتەوە سەرەڕای هەژموونی بلۆکی نزیک لە سعوودیە لە ناو ڕێکخراوەکەدا.

پەیوەندی لەگەڵ لوبنان و حیزبوڵڵا  

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا لوبنانییەکەی، عێراقچی ڕایگەیاند کە دیدارێکی ڕێزدارانە و لە هەمان کاتدا زۆر جدی و ڕاشکاوانەیان هەبووە. ناوبراو ئاشکرای کرد: «لەگەڵ حکومەتی ئێستای لوبنان جیاوازیی دید و بۆچوونی زۆرمان هەیە سەبارەت بە چۆنیەتیی چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بەڵام لەسەر ئەوە هاوڕا بووین کە پەیوەندیی دەوڵەت بە دەوڵەت و پەیوەندییە گشتگیرەکانی ئێران لەگەڵ لوبنان لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کەلتووریدا دەبێت پەرەی پێ بدرێت.»  

عێراقچی جەختیشی کردەوە کە دۆسیەی ناوخۆیی لوبنان پەیوەستە بە خودی خەڵکی ئەو وڵاتە و وتی: «حیزبوڵڵا واقیعێکی حاشاهەڵنەگرە لە کۆمەڵگەی لوبناندا و ڕۆڵی سەرەکی دەبێت لە هەر بڕیارێکدا؛ هەر بڕیارێکیش لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بدرێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران دژایەتی ناکات.»

گەڵاڵەی حەوت ڕۆژە بۆ گەرووی هورمز و هەڕەشەکانی ئەمریکا  

لە تەوەرێکی گرنگی لێدوانەکانیدا، عێراقچی ئاماژەی بە کێشەی گەرووی هورمز کرد و گوتی: «پێشنیاز و گەڵاڵەی ئێران لەسەر مێزە و لە چوارچێوەی پلانێکی حەوت ڕۆژەدا ڕادەستی ئەمریکا کراوە؛ ئەوان تێبینیی خۆیان داوە و ئێمەش خەریکی وەڵامدانەوەین. ئەگەر نیەتپاکی لە لایەنی ئەمریکییەوە هەبێت—کە بێگومان نییە—ڕێگاکە ڕوونە؛ گەر مەرجەکان جێبەجێ بکەن، گەرووی هورمز لە ڕۆژی شەشەمدا دەکرێتەوە و لە ڕۆژی حەوتەمدا دانوستانەکان دەست پێ دەکەن.»  

وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتاییدا پەیامێکی توندی هۆشداریدەری ئاراستەی ئەمریکا و نەیارانی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند: «ئێمە بە هیچ جۆرێک لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا سەر دانانەوێنین و مل کەچ ناکەین؛ لە هەر کاتێکی تر زیاتر ئامادەین بۆ بەرگریکردن لە خۆمان، هاوکات لەسەر هێڵی دیپلۆماسیش بەردەوام دەبین بە مەرجێک سەروەری و کەرامەت و مافەکانی گەلی ئێران دەستەبەر بکرێن.»