سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاندووە، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی تەمویل‌ذاتی لە دوێنێوە دەستی پێکردووە. فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی، کە زۆرترین ژمارەیان لەم جۆرەیە، ئەمڕۆ مووچەکانیان وەرگرتووە و چاوەڕوان دەکرێت فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دیکەش سبەینێ مووچەکانیان وەربگرن.بەپێی سەرچاوەکە، ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی تر، لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، دوو ڕۆژە دەستیان پێکردووە. سەرەتا مووچەی حەشدی شەعبی و وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری دابەش دەکرێت، پاشان مووچەی وەزارەتەکانی دیکە. سەرچاوەکە دەڵێت پارەی پێویست بەردەستە، بەڵام هێشتا کاتی دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی گشتی دیاری نەکراوە.لە هەرێمی کوردستانیش، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم ئامادە کراوە و وردبینی و پێداچوونەوەی لەسەر بەردەوامە. بەپێی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم، لیستەکە ئەم هەفتەیە بۆ بەغدا نانێردرێت و ناردنی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە.بەپێی هەمان زانیارییانە، ناردنی لیستی مووچەی هەرێمیش وەک مانگەکانی ڕابردوو، چاوەڕێی تەواوبوونی پرۆسەی مووچەدانی فەرمانبەرانی عێراق دەکات.