جام کوردی -کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕاپۆرتی داوە کە جۆناتان ئۆریش، یاریدەدەری باڵای بنیامین نەتانیاهۆ و یەکێک لە تۆمەتبارانی سەرەکی دۆسیەی «قەتەرگیت»، لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە وەرگرتنی سەدان هەزار شێکڵ لە قەتەر ناوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئۆریش وتوویەتی پێش و دوای ئۆپەراسیۆنی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبریش بۆ قەتەر کاری کردووە. ئەو بانگەشەی کردووە پڕۆژەکە بە مەبەستی باشترکردنی وێنەی قەتەر بەڕێوەچووە و لە ناو ئیسرائیلدا نەبووە.
ئۆریش گوتوویەتی ناتوانێت بڕی وردی پارەکە دیاری بکات، بەڵام «سەدان هەزار شێکڵ»ی وەرگرتووە. هەروەها، بە گوتەی ئەو، هاوکارییەکە لە ناوەڕاست یان کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ کۆتایی هاتووە.
پێشتر پۆلیسی ئیسرائیل دوو ڕاوێژکاری نزیکی نەتانیاهۆی بە تۆمەتی وەرگرتنی پارە لە قەتەر و بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی ئەرێنی لەو وڵاتە دەستبەسەر کردبوو؛ دۆسیەیەک کە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیشی گرتووەتەوە.