جام کوردی - ڕۆژنامەی لوبنانی «ئەلئەخبار» لە ڕاپۆڕتێکی شیکاریدا ئاشکرای کرد، ئیدیعای دەسەڵاتدارانی بەیرووت سەبارەت بە ئامادەیی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حزبوڵڵا فریودانە؛ لە پشت پەردەوە، حکوومەتی لوبنان لە ژێر گوشاری ڕاستەوخۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و دەزگای هەواڵگریی «سیا» (CIA)دا خۆی بۆ شەڕێکی هەمەلایەنە لەپێناو دابڕانی سیاسی، دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە داراییەکان و چەککردنی مقاوەمە ئامادە دەکات؛ پلانێکی مەترسیدار کە ڕەنگە لوبنان بەرەو لێواری شەڕی ناوخۆ ببات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕەفتاری ڕاستەقینەی جۆزێف عەون، سەرۆک کۆمار و نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، نیشاندەری هاوئاهەنگییەکی ئاشکرایە لەگەڵ داواکارییەکانی ئەمریکا و سعوودیە بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی سیاسی، میدیایی، ئەمنی و ئابووری دژی حزبوڵڵا. ئەم گرژییانە بە فەرمانی گەڕان بەدوای باری چەک و دەستبەسەرکردنی کەسایەتییە نزیکەکان لە حزبوڵڵا گەیشتە لووتکە، بەڵام کاردانەوەی وریایانەی پێکهاتە سەربازییەکان ڕێگری لە تەقینەوەی دۆخەکە کرد.

پیلانی CIA و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

ئەلئەخبار ئاشکرای کرد کە جێگیربوونی «ئۆستین»، بەڕێوەبەری نوێی وێستگەی سی ئای ئەی لە بەیرووت—کە ڕاستەوخۆ لە تەلئەبیبەوە گەیشتووەتە ئەو وڵاتە—لەپێناو جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ڕژێمی زایۆنییە بۆ چەککردنی حزبوڵڵا و دروستکردنی ناوچەی حائیل. ئەم بەرپرسەی سیا لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا بە بەرپرسانی لوبنانی وتووە کە نابێت بەیرووت لە شەڕی ناوخۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای لوبنان لەگەڵ حزبوڵڵا بترسێت. هاوکات «مارکۆ ڕۆبیۆ»، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش داوای هەماهەنگیی ڕاستەوخۆی نێوان سوپای لوبنان و سوپای ئیسرائیلی کردووە.

لە ڕووی ئابووریشەوە، بەدوای ئاشکرابوونی هاوکارییە ٦٠٠ ملیۆن دۆلارییەکەی حزبوڵڵا بۆ ئاوارەکان، دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان چاودێرییەکی توندیان خستووەتە سەر کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و حەواڵەکان بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی مقاوەمە.

وەڵامی توندی حزبوڵڵا

لە کاردانەوەی ئەم تحروکاتانەدا، فەرماندەیی حزبوڵڵا پەیامێکی یەکلاکەرەوەی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی بەیرووت کردووە و هۆشداری داوە: «هەر چەشنە دەستدرێژییەک بۆ سەر بنکەکانی بەرگری یان دەستگیرکردنی ئەندامانی، وەک کارێک لە هاوتەریبیی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل هەژمار دەکرێت و وەڵامێکی هاوشێوە و قورسی دەبێت.» سەرکردەکانی حزبوڵڵا جەختیان کردەوە کە ڕەوایەتیی مقاوەمە دەستکاری ناکرێت و بەرپرسیارێتیی ڕاکێشانی وڵات بۆ شەڕی ناوخۆ، لە ئەستۆی جێبەجێکارانی ئەو سیاسەتە وێرانکەرانەیە.