جام کوردی - گوتەبێژی حکومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: داخستنی دەروازەی سنوریی شەیب بەهۆی نەبوونی ئامادەیی هونەری، تەکنیکی و پەرەپێدانەوە بووە، هاوكات بوونی هیچ بارەگایەکی حوسییەکانی لە عێراق ڕەتکردەوە، و ئاماژەشی بە بەردەوامیی هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا و ئێران کرد بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان، لە هەمانکاتدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە عێراق ڕێگە نادات خاکەكەی بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت.
عەبودی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ڕاگرتنی کارکردن لە دەروازەی شەیب هەنگاوێکە بەرەو بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی تەکنیکی و لۆجستیی دەروازەکە و بەهۆی نەبوونی ئامادەیی هونەری، تەکنیکی و پەرەپێدانەوە بووە"، و ڕوونیکردەوە: "زیاتر لە دەروازەیەکی سنوریی هەن کە شاهیدی ئاڵوگۆڕی بازرگانین لەگەڵ ئێران."
سەبارەت بەو هەواڵانەی کە لەبارەی بوونی بارەگای حوسییەکان لە عێراق بڵاو بوونەتەوە، عەبودی ڕوونیکردەوە: کە "هیچ بارەگایەکی تۆمارکراو لەم بارەیەوە لە ناو عێراقدا بوونی نییە، و بابەتەکە پێویستی بە هیچ ئاراستە و بڕیارێکی حکومی نییە سەبارەت بە شتێک کە بنەڕەتدا بوونی نییە"، ئاماژەی بەوەش دا: "هەندێک کەس پێداگری لەسەر پشتبەستن بەو چیرۆک و گێڕانەوانە دەکەن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە."
ئاشكراشیكرد: "بوونی گرووپی چەکدار سەر بە وڵاتانی تر لە ناو عێراقدا پێچەوانەی بنەما دەستوورییەکانە"، و جەختیکردەوە: "عێراق نابێتە خاڵی دەستپێکردنی دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، و لەخۆگرتنی هیچ گرووپێکی چەکدار کە بەشداری لە ململانێیەکی دیاریکراودا بکات، پەسەند ناکات."
عەبودی ئاماژەی بە "بوونی هەماهەنگییەکی بەرز لەگەڵ تورکیا کرد بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دەرکردنی چەکدارەکانیان لە عێراق، و هەروەها بوونی هەماهەنگی لەگەڵ ئێران لە ڕێگەی لیژنەیەکی باڵاوە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی بوونی چەکدارە کوردییە ئێرانییەکان لە ناو خاکی عێراقدا، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان."
جەختیشیکردەوە: "تەواوی ئەم ئاماژە و ئاراستە حکومییانە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ڕێگە بە بوونی هیچ توخمێکی چەکداری سەر بە وڵاتانی تر لە ناو خاکی عێراقدا نادرێت"، و دووپاتیکردەوە کە "عێراق ڕێگە بە هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ لە خاکی خۆیەوە نادات."