جام کوردی - محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەڕەنسا، لە ڕیاز کۆبوونەوە و تاوتوێی دوایین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیان کرد؛ هاوکات کۆشکی ئەلیزێ ڕایگەیاند کە ڕیاز بەڵێنی داوە بڕێکی زیاتری گازوایل هەناردەی فەڕەنسا بکات بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەیرانی وزە و تێچووی ژیان لەو وڵاتەدا.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعوودیە (واس) بڵاوی کردەوە کە سەرکردەی هەردوو وڵات جەختیان لەسەر هەماهەنگیی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا کردووەتەوە.

کۆشکی ئەلیزێ بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند؛ سعوودیە ڕازی بووە “بۆ هەر چەند مانگێک کە پێویست بێت” باری زیاتری گازوایل بۆ فەڕەنسا دابین بکات. هەروەها هەردوولا لەسەر فراوانکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان و پڕۆژە ژێرخانییەکان ڕێککەوتوون، کە بە گوتەی پاریس هەوڵێکە بە ئاراستەی “دەربازبوون لە مەترسی و پشتبەستن بە گەرووی هورمز”.

ئەم سەردانەی ماکرۆن کە یەکەم سەردانی سەرکردەیەکی ڕۆژاواییە لە دوای پەرەسەندنی شەڕ لە یەمەنەوە، لە چوارچێوەی گەشتێکی هەرێمیدایە لە ناوچەی کەنداو بە مەبەستی زامنکردنی بەردەوامیی دابینکردنی نەوت و سووتەمەنی بۆ وڵاتەکەی، لە کاتێکدا فەڕەنسا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بووەتەوە بەهۆی گرانبوونی نرخی وزە و بژێویی ژیان.