بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حشمەت ڕەزایی قایمەقامی گیلان غەرب لەگەڵ یونس ئەمیری ڕاوێژکاری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری عێراق و کۆمەڵێک بەرپرسی ئێرانی لە سنووری مەندەلی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کۆبوونەوە و پرسی بازرگانی و سنووری نێوان هەردوولایان تاوتوێ کردووە.

لەم دیدارەدا جەخت لەسەر لابردنی بەربەستەکانی هەناردەکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەناردەکاران و شۆفێرانی ئێران و هەماهەنگی گومرگی و خێراکردنی جێبەجێکردنی پلانی هەمەلایەنەی سنووری سۆمار، کرایەوە.

هەروەها هەماهەنگی نێوان شارەزایانی تەکنیکی ئێران و عێراق بۆ گونجاندنی نەخشەکان، ڕێکخستنی دەروازەکانی چوونە ژوورەوە و دەرچوون و پەرەپێدانی ژێرخانی سنوورەکان لەو بابەتانە بوون کە باسیان لێوە کرا.

ڕەزایی بە ئاماژەدان بە توانا ئابوورییەکانی سنووری سۆمار ڕایگەیاند کە مامەڵەی بەردەوامی نێوان بەرپرسانی دوو وڵات ڕێگا خۆش دەکات بۆ زیادبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی بارهەڵگرەکان و باشتر بەکارهێنانی توانا ئابوورییەکانی ئەم دەروازەیە.

ناوبراو هەروەها جەختی لە پێویستی پەرەپێدانی ئیمکاناتی سنووری و چالاککردنی خزمەتگوزاری پاسپۆرت کردەوە بۆ ئاسانکاری هاتووچۆی گەشتیاران و ئاماژەی بەوەشکرد کە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا 100 هەزار زیارەتکار بە سنووری سۆماردا تێپەڕن.

هەر لەم دیدارەدا قایمەقامی گیلان غەرب میوانداریی خەڵکی مەندەلی بۆ زیارەتکارانی عەربەینی بە بەرز نرخاند کە لە ڕێگەی سنووری سۆمارەوە بۆ مەزارگە پیرۆزەکان گەشتیان کردبوو.

هەروەها یونس عامری، ڕاوێژکاری پارێزگاری کرماشانی بۆ کاروباری عێراق، پەیوەندی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی نێوان بەرپرسانی هەردوولا بە چارەسەرێکی کاریگەر بۆ خێراترکردنی چارەسەرکردنی کێشە سنوورییەکان و بازرگانییەکان زانی و جەختی لە بەدواداچوونی کێشە چارەسەرکراوەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ڕەوانەکردنی ئەو پرسانەی کە پێویستیان بە بڕیاری باڵاترە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە.

هەروەها بەرپرسانی عێراق لە سنووری مەندەلی ئامادەیی خۆیان بۆ پتەوکردنی هاوکاریی دووقۆڵی و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و سنوورییەکان و هاوکاریکردن بۆ تەواوکردنی ژێرخانی سنووری سۆمار ڕاگەیاند.

پەرەپێدانی هاوکارییە سنوورییەکانی نێوان کرماشان و پارێزگای دیالەی عێراق، بە سەرنجدان بە پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان هەردوولای سنوور و توانای بازرگانیی دوو وڵاتە، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە ئاسانکاری ئاڵوگۆڕی ئابووری و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی خەڵک بە خەڵک و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەشتیاران و زیارەتکاران بگێڕێت.