دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی کۆمپانیای «Quick Investment» بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرە تاوتوێ دەکات، کە لە دژی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و شارەوانیی عێراق تۆمار کراوە. سکاڵاکە پەیوەندی بە بڕیاری ژمارە ٢٩ی ساڵی ٢٠١٢ و گەڕاندنەوەی بەشێک لە زەوییەکانی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ی دەستوورەوە هەیە.بەپێی ئەو بڕیارە، ئەو ڕێکارانەی پێشتر بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانی مادەی ١٤٠ گیراونەتەبەر، دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە. ئەم ڕێکارانە پەیوەندییان بە زەوییەکانی هاووڵاتیانی کورد و تورکمانەوە هەبووە کە بەگوێرەی زانیارییەکان زەوت کراون و دراونەتە عەرەبە هاوردەکان.عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕوونی کردەوە کە سکاڵاکە ئەو زەوییانە دەگرێتەوە کە لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە ٢٩دا خراونەتە ناو سنووری شارەوانییەکان. بە وتەی ئەو، خاوەنانی ئەو زەوییانە قەرەبوو کراونەتەوە و زەویشیان لە سنووری شارەوانییەکان پێدراوەتەوە، لە کاتێکدا زۆربەی زەوییەکانی مادەی ١٤٠ کشتوکاڵین و لە دەرەوەی سنووری شارەوانییەکانن.دادگەی باڵای فیدراڵی ڕۆژی یەکەمی تشرینی یەکەمی بۆ یەکەم دانیشتن لەبارەی ئەم سکاڵایە دیاری کردووە.