جام کوردی - سەرچاوەیەکی فەرمی لە پارێزگای ئەنبار ئاشکرای کرد کە «عەلی فالح زەیدی»، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ سووریا، پەیوەندییەکی نهێنی و ڕانەگەیێنراوی لەگەڵ «جۆلانی» ئەنجام داوە؛ بابەتێک کە گومانەکان لەبارەی بوونی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی ژێربەژێر لە نێوان هەردوولادا بەهێزتر دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی «المعلومە»، سەرچاوەیەکی فەرمی ڕایگەیاند کە زەیدی گفتوگۆی چر و پڕی لەگەڵ جۆلانی ئەنجام داوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەڵوێستەکان و لێکتێگەیشتنەکان. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم گفتوگۆیانە لە کەشێکی تەواو نەبینراو و نهێنیدا بەڕێوەچوون و هێشتا وردەکاری زیاتر لەبارەی ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سەردانە چاوەڕوانکراوەوە لەبەردەستدا نییە.
سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد کە سەردانی نزیکمەودای زەیدی بۆ دیمەشق لەوانەیە سەرەڕای هەندێک دژایەتی، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجام بدرێت و هەماهەنگییە پێویستەکان بۆی لە ڕێگەی هەمان پەیوەندییەوە کراون.
خاڵی جێی سەرنج لەم ناوەدا، کاتی بانگهێشتکردنی زەیدییە بۆ سەردانی سووریا؛ ئەم بانگهێشتنامەیە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە «تام باراک»، نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ جۆلانی و بە ئامادەبوونی «رەجەب تەیب ئەردۆغان»، سەرۆککۆماری تورکیا، کۆبووەوە. سەرچاوەکە لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە کە ئەمریکا بە ئامانج و بەرژەوەندییە دیاریکراوەکانەوە، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە نزیککردنەوەی هەڵوێستی ئەم دوو لایەنەدا گێڕاوە.