بانکی ڕافیدەین ڕایگەیاندووە فەرمانبەر و خانەنشینانەی مووچەکانیان لەو بانکە تەوتین کراوە، دەتوانن لە ڕێگەی ئەپی «سوپەر کی» داوای پێشینەی ئەلیکترۆنی بکەن. پرۆسەکە بە قۆناغ بەڕێوەدەچێت و لە هەر قۆناغێکدا ٥ هەزار کەس دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.

مەرجەکانی وەرگرتنی پێشینە:


  • فەرمانبەرانی مەدەنی، بە مەرجی لانیکەم یەک ساڵ خزمەتی فعلی.
  • خانەنشینانی ئاسایی، بە مەرجی ئەوەی تەمەنیان لە ٧٥ ساڵ زیاتر نەبێت؛ میراتگرانی خانەنشینان ناگرێتەوە.
  • پێشینەکە فەرمانبەرانی مووچەخۆری بانکەکانی تر ناگرێتەوە.

بەپێی زانیارییە ڕاگەیەنراوەکان، بڕی پێشینەکە ٥ یان ١٠ ملیۆن دینارە و لە ماستەرکاردەوە خەرج دەکرێت. قەرزەکە لە ماوەی ٦٠ مانگدا بە قیستی مانگانە دەگەڕێندرێتەوە، بە سووی ساڵانەی ٦٪ و بڕینی ٢٪ لە سەرەتادا وەک پێشەکی. کۆی قیست و سوو نابێت لە ٥٠٪ی مووچەی مانگانە زیاتر بێت و بڕینی قیستەکان لە مانگی دوای وەرگرتنی پێشینەکە دەست پێدەکات.