بەشیر محەمەد، شرۆڤەکاری سیاسی، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک) وەڵامی پێشنیارەکەی بەڕێز هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی دایەوە، کە تێیدا پێشنیاری کردبوو بۆ ماوەی دە ساڵ ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی بکرێت و لەو ماوەیەدا هیچ کەس داوای هەڵبژاردنیان لێ نەکات.
لەو وتار و شرۆڤەیەدا، بەشیر محەمەد ئاماژەی بەوە داوە کە هەرچەندە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار ئەگەر بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی بێت هەنگاوێکی سیاسییە، بەڵام جەخت دەکاتەوە: «هیچ ڕێککەوتنێکی حیزبی ناتوانێت لە سەرووی دەستوور و یاساوە بێت، یان مافی دەنگدەر بۆ هەڵبژاردن بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵبوەشێنێتەوە.»
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە بۆ سەلماندنی رای خۆی، پشت بە بەندە یاساییەکان دەبەستێت و دەڵێت: «بەپێی ماددەی (٥)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، گەل سەرچاوەی دەسەڵات و شەرعییەتییەکەیە و ئەو دەسەڵاتەش لە ڕێگەی دەنگدانی گشتی، نهێنی و ڕاستەوخۆوە بەکاردەهێنێت.
هەروەها، بەپێی ماددەی (٨)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردن دەبێت لانیکەم هەر چوار ساڵ جارێک بکرێت.»
لە بەشێکی تری شرۆڤەکەیدا هاتووە، لە ڕووی یاساییەوە ڕێککەوتنی نێوان دوو حیزب ناتوانێت جێگەی دەستوور و یاسا بگرێتەوە و ببێتە بەڵگەیەک بۆ ڕاگرتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و پشتگوێخستنی ئیرادەی هاووڵاتیان، بەو پێیەی «قەیرانی سیاسی بە پێشێلکردنی مافی دەنگدەر چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بە پابەندبوون بە یاسا، کاراکردنەوەی پەرلەمان و ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن چارەسەر دەکرێت.»
لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا، بەشیر محەمەد پرسیارێکی ئاراستەی سەرکردایەتیی سیاسی کردووە و نووسیویەتی: «ئەگەر دەسەڵات لە خەڵکەوە سەرچاوە بگرێت، بە کام دەسەڵاتێک دوو حیزب دەتوانن بڕیار بدەن کە خەڵک بۆ ماوەی دە ساڵ داوای هەڵبژاردنیان لێ نەکات؟» و جەختیشی کردووەتەوە کە «کوردستان موڵکی هیچ حیزبێک نییە؛ مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردستانیش لە خەڵکە، نەک تەنها لە ڕێککەوتنی حیزبەکاندا.»