سەرەڕای ئەوەی پۆستەکە لەلایەن خاوەنەکەیەوە سڕایەوە، بەڵام ئەم دۆخە نیگەرانیی قووڵی لای پێکهاتەی کاکەیی لە شاری هەڵەبجە دروست کردووە و ئەوان جەخت لەسەر پاراستنی مێژووی درەوشاوەی پێکەوەژیانی ئاینی و ڕەتکردنەوەی تەواوی سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان دەکەنەوە.

​کاکەییەکان دووپاتی دەکەنەوە کە ئاینەکەیان ڕێز لە تەواوی باوەڕ و پیرۆزییەکان دەگرێت و داواکاری سەرەکییان ئەوەیە کە ئەم بابەتە ڕابگیرێت و بە هوشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژی.

​ڕوانگەی یاسایی، شەرعی و ئەخلاقی

​شارەزایانی یاسایی و ئاینی ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ڕوانگەی لۆژیکی ئیسلامی، یاسایی و ئەخلاقییەوە، هەرگیز نییەتی تاکەکەسێک یان هەڵسوکەوتی فەردێک ناکرێت بەسەر کۆمەڵێک یان ئاینێکی تەواودا گشتگیر بکرێت.

​نووسەران و ڕووناکبیرانی ئیسلامیش هەمیشە جەختیان لەوە کردووەتەوە که‌ بە هیچ پێوەر و لۆژیکێکی شەرعی و ئەخلاقی، ڕفتاری تاکێک ناگەیەنرێت بۆ سەرجەم کۆمەڵگە یان ئاینێک، بەڵکو دەبێت ڕێز لە تەواوی ئاینەکان بگرێت.

​لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە، دەستووری عێراق زامنکاری ئازادیی بیروباوەڕ و ڕەتکردنەوەی توندوتیژییە.

یاساناسان ڕوونی دەکەنەوە کە مادەکانی یاسای سزادانی عێراقی سووکایەتیکردن بە ئاین و درووشمەکانیان بە تاوان دەناسێنن و سزای یاساییان بۆ هەر کەسێک دیاری کردووە کە سووکایەتیکردن بە بیروباوەری ئاینیی ئەوانی تر بکات؛

لەوانەش سزای بەندکردن لە ڕۆژێکەوە تاوەکو سێ ساڵ لەگەڵ پێبژاردن، یاخود مادەکانی تری دەستووری کە جەخت لەسەر ئازادیی تاکەکان لە هەڵبژاردنی باوەڕ و شێوازی ژیانیان دەکەنەوە لە چوارچێوەی یاسادا.

​نیگەرانی لە قۆستنەوەی سیاسی و پەرەسەندنی دۆخەکە

​سەرەڕای ئەوەی ئەو پۆستە سەرەتاییە سڕایەوە، بەڵام کاکەییەکان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە کە هەندێک لایەن و بەتایبەت بزووتنەوە ئیسلامیە سیاسیەکان، هەوڵ دەدەن بابەتەکە گەورە بکەنەوە و بۆ مەبەستی تری سیاسی بەکاری بهێنن و درێژە بە هەشتاگ و قسەکردن لەسەری بدەن.

​ئەوان هوشداری دەدەن کە ئەم جۆرە پەرەپێدانە ڕەنگە لە داهاتوودا مەترسی بۆ سەر پەیڕەوکارانی ئاینەکەیان لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکات و دۆخەکە بشێوێنێت.

​مێژووی پێکەوەژیان لە هەڵەبجەدا شاهیدی ئەوەیە کە لە مێژووی دروستبوونی شارەکەوە تا ئێستا، هیچ کێشە یان بەرکەوتنێکی تائیفی و ئاینی لە نێوان پێکهاتەی کاکەیی و موسڵماناندا ڕووی نەداوە؛ بەڵکو ژیانی ئاینیی پێکەوەیی یەکێک بووە لە سیماکە هەر دیارەکانی هەڵەبجە. ئێستا تاکی کاکەیی نیگەرانە لەوەی دەستێک هەبێت کە نەهێڵێت ئەم پێگە جوانەی پێکەوەژیان درێژە بکێشێت، و داوا دەکەن هەموو لایەک بە هۆشیاری و لێبوردەییەوە سەیری داهاتووی کۆمەڵایەتیی شارەکە بکەن.

جێگای وتنە کاکەیییەکانی هەڵەبجە پێکهاتەیەکی ڕەسەنی شارەکەن و لە دێرزەمانەوە لە گوندی هاواری سەر سنووری نێوان هەڵەبجە و شاری پاوەی ئێران نیشتەجێن.»