جام کوردی — پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە هێزەکانی سوپای ئەمریکا، لە ئاسمانی شاری بەندەرعەباس لە باشووری ئێران، لەلایەن سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە کراوەتە ئامانج و بە تەواوی تێکشکێندراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی سوپای ئێران، درۆنەکە لە جۆری «لوکاس» (Locust) بووە و لەلایەن هێزەکانی پەدافەندی ئاسمانیی سوپا و لە چوارچێوەی «تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانیی وڵات»دا دەستنیشان کراوە، پاشان بە ئاگری سیستەمە بەرگرییەکان پێکراوە و لە ئاسمانی بەندەرعەباس کەوتووەتە خوارەوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییە سەربازی و ئەمنییەکان لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز لە نێوان تاران و واشنتۆندا بەردەوامییان هەیە و هێزە چەکدارەکانی ئێران جەخت لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی تۆڕی بەرگریی ئاسمانیی خۆیان دەکەنەوە.