جام کوردی - محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» بە توندی ڕەخنەی لە کاندیدکردنی خاتوو «لانا نوسەیبە»، نوێنەری پێشووی ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت بۆ وەرگرتنی پۆستی سکرتێری گشتیی ئەم ڕێکخراوە جیهانییە.

قالیباف ئەم هەنگاوەی بە هەوڵێک بۆ ئاسانکردنی مەرامە دیپلۆماسییەکانی تەلئەڤیڤ وەسف کرد و نووسیویەتی: «ئەمە هەوڵێکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی باڵاترین پۆستی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئامانجی خۆشکردنی ڕێگەی دیپلۆماسی بۆ پڕۆژەی “ئیسرائیلی گەورە” لە ناوچەکە و سپیکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکی سیستماتیک.»

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە شێوازێکی تەنزئامێز و توند دەڵێت: «پێشینەی کاری ناوبراو جگە لە داکۆکیکردن لە کارەساتی غەززە هیچی تر نییە؛ ڕێوی پرۆفایلەکەی لە لینکدین نوێ دەکاتەوە تا داواکاری بۆ پیشەی “پاسەوانیی هێلانەی مریشکەکان” پێشکەش بکات!» قالیباف لەگەڵ پۆستەکەیدا، چاوپێکەوتنێکی پێشووی لانا نوسەیبەی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا بەرگری لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی نێوان ئەبووزەبی و ئیسرائیل دەکات.