جام کوردی - ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ARDـی ئەڵمانیا، سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنە دیپلۆماسی و ئەمنییەکان جەختی کردەوە کە تاران بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی ڕابردوو، هیچ بڕوایەکی بە بەڵێن و قسەکانی ئەمریکا نییە و بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی.
بەقایی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی لەبارەی نەبوونی پلانی هێرش پێش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، ڕایگەیاند: «ئەم جۆرە لێدوانانە خۆیان بە مانای ئەوە دێن کە هێرشکردن سەر ئێران بەشێک بووە لە ستراتیژییان. سەرەڕای هەر قسەیەک کە دەیگەن، ئێمە دەبێت ئامادە بین؛ چونکە بەپێی ئەزموون بینیومانە کە ئەوان لە میانەی پرۆسە دیپلۆماسییەکاندا هێرشیان کردووەتە سەر ئێران. لە ماوەی کەمتر لە نۆ مانگدا، سەرەتا لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو و پاشان لە شوباتی ئەمساڵدا، لە کاتێکدا ئێمە سەرقاڵی دانوستان بووین و ئاوڕی گەیشتن بە ئەنجام هیوابەخش بوو، ئەوان هێرشیان کرد.»
پەنجەرەی دیپلۆماسی و ئاراستەی «خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی»
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دۆخی ئێستای دانوستانەکان وتی: «مێزی دانوستانمان هەرگیز جێنەهێشتووە و پەنجەرەی دیپلۆمان نەخستووەتە پشتگوێ، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە واشنتۆن پێداگری لەسەر داواکارییە تاکلایەنەکانی خۆی دەکات و سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکە بەردەوام باس لە “خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی” دەکەن؛ شتێک کە هیچ ئێرانییەک قبووڵی ناکات.»
ڕەخنە لە سیاسەتی ئەورووپا
بەقایی لە بەشێکی تری قسەکانیدا ڕەخنەی تووندی لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپی گرت و ڕایگەیاند کە جێگەی داخە ئەورووپاییەکان لەجیاتی ئەوەی ڕۆڵێکی سەربەخۆ بگێڕن، بڕیاریان داوە سیاسەتی ملکەچبوون بەرانبەر ئەمریکا هەڵبژێرن. ناوبراو ئاماژەی بە دۆسیەی ناسراو بە «اسنپبک» (گەڕانەوەی خێرای سزاکان) کرد و وتی کە ئەورووپاییەکان خۆیان دەزانن ئەو هەنگاوە نایاسایی بوو، بەڵام بە شوێنکەوتنی ئەمریکا لە شێواندنی ئەنجومەنی ئایزایشدا، زیانێکی گەورەیان بە پێگەی خۆیان و پەیوەندییان لەگەڵ تاران گەیاند.
وەڵام بە تۆمەتە بێبنەماکان سەبارەت بە بنکەی فیرفورد
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هەواڵە گوماناوییەکانی پەیوەست بە تێوەگلانی ئێران لە پیلانگێڕیی دژی بنکەیەکی سەربازیی بریتانیا (فیرفورد)، بقایی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و بە نموونەیەکی زەقی «هەڵاتن بەرەو پێشەوە» (فرار رو به جلو)ی ناوبرد؛ چونکە وەک خۆی ئاماژەی پێدا، هەر ئەو بنکەیە شوێنی هەڵمەت و بەکارهێنان بووە دژی خاکی ئێران و ئێستا ئەوان دەیانەوێت سەرنجی ڕای گشتی لەو پێشێلکارییە یاساییە لابدەن.