جام کوردی - بەپێی زانیاری و لێکۆڵینەوەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (FBI) کە ڕۆژنامەی ئیسرائیلی «یدیعوت ئاحارنۆت» بڵاوی کردووەتەوە، بەڵگەنامەیەکی نهێنیی هەواڵگری دەریخستووە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کردووە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران تیرۆر بکات بە مەبەستی تێکدانی ڕەوتی وتووێژە دیپلۆماسییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن.
دۆسیەکە پەیوەستە بە لێکۆڵینەوە لە ئەندازیار و بەڵێندەرێکی ۴۲ ساڵەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) بە ناوی «ئیان برینکسمن»، کە تۆمەتبار کراوە بە دزەپێکردنی سەدان لاپەڕە بەڵگەنامەی نهێنی و هەستیار بۆ لای هاوبەشەکەی، ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی بە ناوی «ئایدا چاوێز».
لەو ڕاپۆرتانەی لەسەر بنەمای ئەم بەڵگەنامانە بڵاو کراونەتەوە هاتووە: لە کاتی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا، بەرپرسانی ئیسرائیل داوایان لە واشنتۆن کردووە قالیباف، وەک یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان، بکاتە ئامانج و هاوکات بۆردومانی ژێرخانە نەوتییەکانی ئێران دەست پێبکاتەوە بەو ئامانجەی دیپلۆماسی ڕابگیرێت و گرژییەکان بەرەو شەڕ پەلکێش بکرێن.
هاوکات بەشێکی دیکەی ئەو بەڵگەنامە دزەپێکراوانەی پەیوەستن بە هەڵسەنگاندنەکانی سی ئای ئەی، ئاماژە بەوە دەدەن کە ئیسرائیل لە دۆخێکی قەیراناویدایە و بەهۆی شەڕە درێژخایەنەکان، کێشەی سەربازیی حەریدییەکان و درز و کێشە سیاسییە ناوخۆیییەکان، لە لێواری داڕمان یان شەڕی ناوخۆیی و شارستانیدایە. ئێستا برینکسمن بە پێی یاسای سیخوڕیی ئەمریکا ڕووبەڕووی سزای تا ۱۰ ساڵ زیندانیکردن بووەتەوە.