جام کوردی - ڕەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئیسلامئاباد، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی «ئیرنا»، لە وەڵامی هەڵسەنگاندن و دەنگۆی میدیاکانی پاکستاندا ڕایگەیاند کە هۆکاری سەرەکیی دۆخی ئێستا و جێبەجێنەکردنی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد، بۆ پابەندنەبوون و پێشێلکارییەکانی لایەنی ئەمریکی دەگەڕێتەوە.
باڵیۆزی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە تاران بەردەوام پابەندی بەڵێنەکانی بووە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هاوشێوەی کشانەوەی یەکلایەنە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام)، پێشێلی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئابادیشی کردووە کە پێشتر خۆی واژۆی لەسەر کردبوو؛ بەمەش ڕێگری لە جێبەجێکردنی کردووە لەسەر زەمینی واقیعدا. هەروەها ناوبراو ڕوونیکردەوە هەر بڕیارێک یان زانیارییەک لەسەر پرسی دانوستانەکان، ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دەرەوە و وتەبێژی فەرمیی تیمی دانوستانکاری ئێرانەوە ڕادەگەیەنرێت.
هاوکات، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیای ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کردووە سەرەڕای پێداگریی ئەمریکا لەسەر داخوازییە یەکلایەنەکانی، تاران دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، بەڵام هاوکات ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و سیناریۆیەکە بۆ پاراستنی خاکەکەی. لە لایەکی دیکەشەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و بەرپرسی تیمی دانوستانکار، هۆشداریی دا کە هیچ هەڕەشەیەکی سەربازی یان تیرۆر ناتوانێت گەلی ئێران لە ماف و بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی پاشەکشە پێبکات و تاران وەڵامێکی چاوەڕواننەکراو دەداتە هەر دەستدرێژییەک.